لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا سوپای سوید ڕایگەیاند چالاکیە چاودێرییەکانی لە دورگەی گۆتلاندی سەر دەریای باڵتیک زیاد دەکات.
ڕوسیا بە زیادکردنی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا نیگەرانی لەنێو وڵاتانی ڕۆژئاوادا خستۆتەوە، لەوە دەترسن ڕوسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، مۆسکۆ ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت دەتوانێت هێزەکانی لەسەر خاکی خۆی بۆ هەر شوێنێک بوێت ڕەوانەیان بکات.
گۆتلاند کە گەورەترین دورگەی سویدە، لەڕووی ستراتیژییەوە گرنگە و نزیکەی 330 کیلۆمەتر لە کالینینگرادەوە دوورە، لە کالینینگراد هێزی کەشتیگەلی ڕوسی بوونیان هەیە. لە ساڵی 2019 دا سوید سیستمێکی دژە موشەکی نوێکراوەی ڕەوانەی دورگەکە کرد.
سەرکردەی ئەرکە هاوبەشەکانی هێزە چەکدارەکانی سوید جەنەڕاڵ مایکڵ کلایسن بە ڕۆیتەرزی وت لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هێزە سەربازییەکان ئەرکە ئێشکگرییەکانیان لە بەندەر و فڕۆکەخانەی ڤیسبی دەستپێکردووە، ڤیسبی شارۆچکەی سەرەکی گۆتلاندە.
جێی ئاماژەیە سوید ئەندام نیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بەڵام پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکەدا هەیە و دوابەدوای چەند ساڵێک لە پشتگوێخستنی سوپاکەی لە ئێستادا پەرەی بە توانا سەربازییەکانیداوە، ئەوەش لەنێوەندی نیگەرانیەکانیدا سەبارەت بە چالاکیەکانی ڕوسیا لە ناوچەی دەریای باڵتیکدا.
کلایسن وتی جووڵەکەی سوپای سوید لە گۆتلاند بەهۆی ئەوەوە بووە ڕوسیا لەم هەفتەیەدا کەشتیەکانی هێناوەتە دەریای باڵتیکەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوەیە کە چەند ساڵێکە ئاسایشی ناوچەکە لە خراپبووندایە.
وتی " گرژییەکان لەسەر ئاستی ئاسایش وێنەکەی نەگۆڕیوە بەڵکو خراپتری کردووە. " ئاماژەشی بەودا هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە لەمدواییاندا تێبینی ئەوەیان کردووە تواناکانی هێزە بیانیەکان لە نزیک سوید زیادیکردووە.
وتی " گەیشتنی کەشتیە ڕوسییەکان نمونەیە لەسەر ئەوە، لە تەنگەی گرەیت بێڵتی دانیمارکەوە پەڕیونەتەوە و هاتوونەتە ناو دەریای باڵتیکەوە."
ئاماژەشی بەوەدا هێزە چەکدارەکانی سوید لە ناوچەکانی دیکەی سویدیش بە هەمان شێوە وەکو وەڵامێک بۆ جوڵەکانی ئەمدواییانەی ڕوسیا ڕێوشوێنیان گرتۆتەبەر، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.
هەفتەی ڕابردوو فەرماندەی باڵای سوید وتی ستراتیژی ئاسایشی سوید بەتەواوەتی دەکەوێتە مەترسییەوە ئەگەر هاوپەیمانێتی ناتۆ بە داواکارییەکانی ڕوسیا ڕازی ببێت و چیتر فراوان نەبێت و هەندێک لە چالاکییەکانی لە ئەوروپا ڕابگرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز