Accessibility links

سەرۆک وەزیری سوید ئەنجامدانی گشتپرسی سەبارەت بە ئەگەری چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەت دەکاتەوە


سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن
سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن

سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن دەڵێت حکومەتی سوید پلانی نیە گشتپرسی ئەنجام بدات ئەگەر لە حاڵەتێکدا پەرلەمانی وڵاتەکە بڕیار بدات دەستبکات بە پڕۆسەی داواکردن بۆ بە ئەندامبوون لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

سوید و فینلەندا لە هیچ هاوپەیمانێتیەکی سەربازییدا نین، بەڵام داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ناچاریکردوون پێداچوونەوە بەو سیاسەتەیاندا بکەن. سوید و فینلەندا باوەڕییان وابووە بێلایەنی سەربازیی باشترین ئامڕازە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی نیشتیمانی. پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا دوو وڵاتەکە بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە یاخود نا.

ئاندەرسن وتی گشتپرسی " بیرۆکەیەکی خراپە. پێم وانیە ئەمە بابەتێک بێت بۆ گشتپرسی گونجاو بێت."

وتیشی " زۆر زانیاری هەن سەبارەت بە ئاسایشی نیشتیمانی کە نهێنین، لەبەر ئەوە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ هەن کە گونجاو نین بۆ گشتپرسی و ڕاستییە گرنگەکانیش ناکرێت بخرێنە سەر مێز."

پەرلەمانی سوید تاوتوێی سیاسەتێکی ئاسایشی وڵاتەکە دەکات کە پێشبینی دەکرێت ڕاپۆرتێک سەبارەت بەو بابەتە لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا بڵاوبکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە حیزبەکەی ئاندەرسن، سۆشیاڵ دیموکراتەکان، تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا دەستبەرداری سیاسەتەکەیان بن بۆ دژایەتیکردنی چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ یاخود نا.

زۆرینەی پەرلەمانی سوید دەیانەوێت سوید بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە، بەڵام حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی فەرمانڕەوا وەکو گەورەترین بەربەست دەبیندرێت لە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەکە.

ڕابەری حیزبی مامناوەندەکان، کە گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆنی سویدە، بە هەمان شێوە داواکانی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی سەبارەت بە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەت کردۆتەوە.

ڕابەری حیزبەکە ئولف کریستەرسن وتی " دەنگدەران سەبارەت بە ڕووسیا ساویلکە نین، ئەوە زۆر ڕوونە کە دەنگدەرانی سوید تێگەیشتوون لەوەی لە 24 ی مانگی دوودا چی ڕوویدا و بڕیاری خۆیانداوە."

ڕابەری حیزبی چەپی سوید نوشی دادگۆستار کە حیزبەکەی دژایەتی چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات، وتی سویدییەکان دەبێت قسەیان لەسەر ئەم پرسە هەبێت.

وتی " دەبێت دەنگدەران بڕیار لەسەر ئەمە بدەن، دەبێت پشتیوانییەکی دیموکراتی بەهێز بۆ ئەم پرسە هەبێت."

جێی ئاماژەیە لە مانگی نۆدا هەڵبژاردنی گشتی لە سوید بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG