بەپێی ڕاپرسییەک کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، زۆربەی هاووڵاتییانی سوید پێیان وایە وڵاتەکە " قوربانییەکی زۆری داوە " لە پێناو ئەوەی ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەندامێتییان لە ناتۆدا دەبێتە هۆی پتەوبوونی ئاسایشی وڵاتەکەیان.
سوید لەسەر ئاڕاستەکەیە بۆ ئەوەی ببێتە 32 هەمین ئەندام لە هاوپەیمانێتی سەربازیی ناتۆدا، دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە هەنگاریا داواکەی سویدی بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە پەسەند کرد.
دوابەدوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید لەگەڵ فینلەندادا دەستبەرداری سیاسەتە سەدان ساڵەکەی بوو لە بێلایەنی سەربازییدا و بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
بەپێی ڕاپرسییەک کە لەلایەن کۆمپانیای شیکاریی ئیندیکەیتەرەوە بۆ کەناڵی ئێس ئاڕی سویدی ئەنجام دراوە ، لە سەدا 55 ی سویدییەکان پێیان وایە وڵاتەکە " قوربانییەکی زۆر زۆری داوە لە پێناو پەیوەندیکردن بە ناتۆوە."
هاوکات لە سەدا 77 ی سویدییەکان پێیان وایە بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا " ئاسایشی وڵاتەکە پتەوتر دەبێت."
ڕاپرسییەکە لەگەڵ 2,413 کەسدا لە نێوان مانگی دوو و 26 ی مانگی دوودا ئەنجام دراوە. بەڵام هیچ پرسیارێک نەکراوە لەسەر جۆری ئەو قوربانییانەی کە دراون و خەڵکەکە کێشەی هەیە لەگەڵییاندا.
بەرپرسی توێژینەوە لە ئیندیکەیتەر، ئۆلیسکۆگ تریگڤاسن بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " کۆدەنگییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە ئاسایشی سوید بە ئەندامێتی لە ناتۆدا پتەوتر دەبێت. بەڵام دەبینیت کە ڕێگای بوون بە ئەندام لە ناتۆ ڕێگایەکی ڕاست بەرەو پێشەوە نەبوو."
داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا لەلایەن تورکیاوە دژایەتی کرا، تورکیا سویدی تۆمەتبار دەکرد بە تۆمەتی دابینکردنی پەناگەیەکی پارێزراو بۆ دەیان " گومانلێکراو " کە ئەنکەرە پێی وایە پەیوەندییان هەیە بە هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی تورکیا و هێزە کوردییەکانەوە.
لە ساڵی 2022 دا سوید لەگەڵ تورکیادا ڕێککەوت، وتی پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەوە کە لە سوید دەژین و تورکیا داوای کردوون، هەروەها ڕازیبوو لەسەر ئەوەی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا دەستپێبکاتەوە کە بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی تورکیاوە لە ساڵی 2019 دا بۆ سەر سوریا قەدەغەی کردبوو.
هەروەها دەستوورەکەشی هەموار کردەوە تاوەکو یاساکانی دژە تیرۆر توندتر بکاتەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس