Accessibility links

ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا کۆتایی بە سیاسەتی 200 ساڵەی بێلایەنی سەربازیی سوید دەهێنێت


دوایین بەربەست لەبەردەم ئەندامێتی سویددا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕۆژی دووشەممە لابرا، ئەوەش دوای ئەوەی هەنگاریا داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند کرد، بەمەش کۆتایی هێنا بە سیاسەتی 200 ساڵەی سوید لە بێلایەنی سەربازییدا کە یارمەتی وڵاتەکەی دابوو ببێتە براندێکی جیهانی وەکو وڵاتێکی بێلایەنی دروستکەری ئاشتی و پاڵەوانێک لە مافەکانی مرۆڤدا.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ساڵی 2022 دا لە ئۆکرانیا سویدی خستە بەردەم بژاردەیەکی گرنگ: پەیوەندی بکە بە ناتۆوە یاخود بکەوەرە ژێر مەترسی ئەوەوە کە بە تەنها بوەستیت دژی دراوسێ " دوژمنکارەکەت."

ڕەنگە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا بێ مشتومڕ بێت، بەڵام هەندێک لە سویدییەکان نیگەرانن لەوەی ئاماژەیەک بێت بۆ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە ناسنامەی وڵاتەکەدا.

کریستین بێرگیای سەرۆکی کۆمەڵگەی ئاشتی و ناوبژیوانی سویدی دەڵێت " دەنگە بەهێزە مێژووییەکەی سوید لەسەر پرسەکانی ئاشتی و داماڵینی چەکدا ڕەنگە بێ دەنگ ببێت. پرسی ئاشتی بەشێک بووە لە دی ئێن ئەییمان."

لە هەوڵەکانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داگ هامەرسکۆڵد لە ساڵەکانی شەستەکاندا بۆ هاندان بۆ ئاشتی لە کۆنگۆوە بۆ ڕۆڵی هانس بلیکس وەکو پشکنەری گشتی چەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێش جەنگی عێراقدا، بێلایەنی سوید ڕێگەیداوە بە وڵاتەکە ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە ململانێ جیهانییەکاندا، هەندێک جار دژی قورساییەکی زیاتر لە قەبارەی خۆی وەستاوەتەوە.

هەندێک جار ئەوە سویدی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر کردووەتەوە لە سیاسەتی ڕۆژئاوادا، بۆ نموونە، سەرۆک وەزیری پێشووی سوید ئۆلۆف پاڵم بۆردومانەکانی ئەمەریکای لە جەنگی ڤیێتنامدا بەراورد کرد بە دڕندانەترین کارەکان لە مرۆڤایەتیدا، بە کامپەکانی مەرگی نازییەکانیشەوە، ئەوەش بۆ ماوەی چەندین ساڵ زیانی بە پەیوەندییەکانی گەیاند لەگەڵ ئەمەریکادا.

دیبلۆماتکاری بە ئەزموونی کۆنی سوید، ئیان ئیلیاسن، کە پێشتر وەزیری دەرەوەی سوید و جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، وتی توانیویەتی نێوەندگری لە چەندین ململانێی جیهانیدا بکات، چونکە " سوید بێلایەن بووە."

هاوشێوەی زۆرێک لە سویدییەکانی نەوەکەی خۆی، ئیلیاسن وتی شانازی بە ناوبانگی وڵاتەکەیەوە دەکات وەکو هێزێکی ئەخلاقی، کە لەلایەن پاڵمەوە بەرز ڕاگیرابوو، پاڵمە بە ئاشکرا پشتگیری لە خەباتی ئەفریقای باشوور دەکرد دژی ڕەگەزپەرستی، پاڵمە لە ساڵی 1986 دا لەسەر شەقامێکی ستۆکهۆڵم کوژرا.

پەسەندکردنی داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە، وای لە سوید کرد هەڵوێستێکی توندتر بگرێتەبەر دژی ئەندامانی ئەو هێزە کوردییانەی کە لەسەر سنوورەکانی تورکیا و سوریا و عێراق بۆ نیشتیمانێک شەڕ دەکەن، هەروەها هەناردەکردنی چەکی بۆ تورکیا دەستپێکردەوە کە پێشتر بەهۆی نیگەرانییەکانییەوە سەبارەت بە تۆماری مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا قەدەغەی کردبوو.

ئەندامێتی لە ناتۆیەکی پڕچەکی ئەتۆمیدا ناگونجێت لەگەڵ سیاسەتی سویددا بۆ پشتگیریکردن لە داماڵینی چەکی ئەتۆمی.

بێلایەنی سەربازیی سوید وەکو وەڵامێک بۆ جەنگە کارەساتاوییەکان دەستیپێکرد، بە شێوەیەکی سەرەکی دژی ڕووسیا، لە سەرەتای سەدەی 18 و سەرەتای سەدەی 19 دا.

لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا سوید ئاسنی خاوی گرنگی بۆ نازییەکانی ئەڵمانیا دابین دەکرد، لە ماوەی جەنگی ساردیشدا بە نهێنی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ ئەمەریکادا دەگۆڕییەوە.

لەم چەند سەدەیەی ڕابردوودا سوید نزیکتر بووەتەوە لە ناتۆ، بەشێکی ئەوەش بەهۆی ئەوەوە بووە کە سوپاکەی لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە دابەش بوو. هەروەها بەشدار بووە لە ئەرکەکاندا لە ئەفغانستان و کۆسۆڤۆ و لیبیا و عێراق.

بەڵام ئێستا هاوبەشییەکی نزیک وادەردەکەوێت کە بەس نەبێت. بەندی پێنجی هاوپەیمانێتی ناتۆ گرەنتی دەدات لەسەر ئەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر هەر ئەندامێکی ناتۆ وەکو هێرشکردنە سەر هەموو ئەندامانی ناتۆ سەیر دەکرێت.

باربەرا کونز لە ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم دەڵێت " لە دیدی سویدەوە ئەمە وەکو کڕینی بیمە وایە."

ڕاپرسییەکان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا گۆڕاون و ئێستا لە ڕاپرسییەکانی وڵاتە 10 ملیۆن دانیشتووەکەی سویددا پشتیوانییەکی زیاتر دەبیندرێت لە پەیوەندیکردن بە ناتۆوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە فینلەندای دراوسێی سوید کە سنوورێکی دوورودرێژی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، پێشتر پەیوەندی بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە کرد.

ئیلیاسن وتی " ڕێک لەبەرچاوماندا دوژمنکارییەکی ترسناکی سەربازیی دەبینین دژی وڵاتێکی دیکە ڕوودەدات و ئێمەش بە داخەوە لە پێگەیەکداین کە بەرگرییەکی ئامادەمان نیە."

وتی " دوژمنکاری، تاوانەکانی جەنگ، فینلەندا و دیموکراسی، ئەوانە بەس بوون بۆ من."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG