Accessibility links

وەزیرێکی سوید: چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرگری وڵاتانی نۆرد پتەودەکات


وەزیری بەرگری سوید پیتەر هولکویست

وەزیری بەرگری سوید بە ڕادیۆی سویدی گوت ئەگەر سوید و فینلەندا بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە ئەوا بەرگری ناوچەی نۆرد پتەو دەبێت، هەروەها لەو ڕێیەوە دەتوانرێت لە چوارچێوەی کاری هاوپەیمانێتییەکەدا پلانێکی بەرگری هاوبەش دابڕێژرێت.

وەزیری بەرگری سوید پیتەر هولکویستی سەر بە حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی فەرمانڕەوای سوید گوتی " ئەگەر سوید و فینلەندا بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە ئەوا دەتوانین هێز و سوودی یەکتر بەکاربهێنین و بە هاوبەشی پلانی ئەرکەکان دابنێین."

گوتیشی " ئەگەر وابێت ئەوا پێکەوە بەهێزتر دەبین. ئەمە شتێکە کە دەکرێت ڕووبدات ئەگەر بڕیار بدەین بچینە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ."

سوید پێشتر ڕێکەوتنی بەرگری هەبووە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی نۆرددا.

حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی فەرمانڕەوای سوید لە 15 ی مانگی پێنجدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئایا بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە یاخود نا. تاوەکو ئێستا سوید نەچۆتە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سوید و فینلەندای ناچار کرد پێداچوونە بە سیاسەتی ئاسایشی وڵاتەکانیاندا بکەنەوە. پێشبینی دەکرێت سەرۆکی فینلەندا لەم هەفتەیەدا پشتیوانی خۆی بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕابگەیەنێت.

جێی ئاماژەیە هەریەک لە دانیمارک و نەرویج و ئایسلەندا ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG