ڕۆژی چوارشەممە فینلەندا و سوید لە بارەگای هاوپەیمانێتی ناتۆ بە فەڕمی داوایان کرد ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا، بڕیارەکە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دراوە و ڕووبەڕووی دژایەتی تورکیاش بووەتەوە.
سوید و فینلەندا بەدرێژایی جەنگی سارد نەچوونە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە، بڕیارەکەی ئێستاشیان بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە پێکهاتەی ئاسایشی ئەوروپادا.
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە میانەی مەراسیمێکی کورتدا کە تیایدا باڵیۆزەکانی سوید و فینلەندا نامەی داواکەیان پێشکەشی هاوپەیمانێتییەکە کرد وتی " ئەمە ساتێکی مێژووییە، کە دەبێت بیگرین."
ستۆڵتنبێرگ وتی " بە گەرمی پێشوازی لە داواکانی سوید و فینلەندا دەکەم بۆ چوونە پاڵ ناتۆ. ئێوە نزیکترین هاوبەشمانن، ئەندامێتی ئێوەش لە هاوپەیمانێتییەکەدا ئاسایشی هاوبەشمان زیاتر دەکات."
دەبێت سەرجەم 30 ئەندامەکەی ناتۆ داواکەی سوید و فینلەندا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەکە پەسەند بکەن، لە چەند مانگی داهاتووشدا دەبێت هاوپەیمانێتییەکە زاڵ ببێت بەسەر هەر دەنگێکی ناڕەزاییدا سەبارەت بەو بابەتە.
دیبلۆماتکاران دەڵێن پڕۆسەی جێبەجێکردنی داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ساڵێک دەخایەنێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تورکیا هاوپەیمانێتیەکەی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک وتی تێبینی هەیە لەسەر ئەندامێتی فینلەندا و سوید لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، وتی دوو وڵاتەکە داڵدەی کەسانێکیان داوەتەوە کە پەیوەندییان بەو گروپانەوە هەیە کە تورکیا بە تیرۆریست ناوییان دەبات، هەروەها داواشی کردووە ئەو دوو وڵاتە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ تورکیا لاببەن.
دوای دەستوەردانی تورکیا لە سوریادا لە ساڵی 2019، سوید و فینلەندا هەناردەکردنی هەندێک چەک و کەلوپەلی سەربازییان بۆ تورکیا قەدەغە کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە ستۆڵتنبێرگ وتی پێی وایە کێشەکان دەکرێت چارەسەر بکرێن.
وتی " سوورین لەسەر ئەوەی بەسەر سەرجەم کێشەکاندا زاڵ ببین و بگەین بە دەرەنجامێکی خێرا." ئاماژەی بەوەشدا سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە پشتیوانی لە داواکەی سوید و فینلەندا دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
فینلەندا و سوید بە فەڕمی داوای چوونە پاڵ ناتۆ دەکەن
