Accessibility links

تێکساس: شۆفێرێک بە ئوتومبێلەکەی خۆی دەکێشێت بە کۆمەڵێک کەسدا و 7 کەس گیانیان لە دەستداوە


پۆلیسی شاری براونسڤیڵی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا دەڵێت ئوتومبێلێک خۆی دەکێشێت بە کۆمەڵێک کەسدا کە لە شوێنی وەستانی پاسەکاندا لە دەرەوەی پەناگەیەکی کۆچبەران وەستابوون و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لە دەستداوە و شەش کەسی دیکە بریندار بوون.

لێکۆڵەری پۆلیسی براونسڤیڵ مارتن ساندۆڤاڵ وتی پێکدادانەکە کاتژمێر 8:30 ی ئێوارە ڕوویداوە.

بەڕێوبەری پەناگەکە ڤیکتۆر ماڵدۆنادۆی ناوەندی ئینریکێ سان پیدرۆ ئۆزانام وتی دوای ئەوەی پەیوەندیی پێوە کراوە سەبارەت بە پێکدادانەکە، سەیری ڤیدیۆی کامێرای چاودێری پەناگەکەی کردۆتەوە.

ماڵدۆنادۆ وتی شوێنی وەستانی پاسەکانی شارەکە لەوبەری پەناگەکەوەیە و نیشانە نەکراوە. شوێنی دانیشتنی تێدا نیە، ئەو کەسانەشی کە لەوێدا چاوەڕێیان دەکرد لەسەر شۆستەکە دانیشتبوون. وتیشی زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی ڤەنزوێلا بوون.

وتیشی " ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینین ئەوەیە کە ئوتومبێلێکی جۆری ڕەینج ڕۆڤەر گڵۆپی سووری ترافیکەکە پێشێل دەکات و خۆی دەکات بە ناو خەڵکەکە کە لە شوێنی وەستانی پاسەکاندا دانیشتبوون."

وتی ئوتومبێلەکە دوای ئەوەی بەسەر شۆستەکەدا ڕۆیشتووە وەرگەڕاوە و بۆ نزیکەی 60 مەتر نەوەستاوەتەوە. ئاماژەشی بەوەدا هەندێک لەوانەشی کە بەسەر شۆستەکەدا ڕۆیشتوون و ئەوانیش بەرکەوتوون.

پەناگەی ئۆزانام تەنها پەناگەیە لە شاری براونسڤیڵدا کە کۆچبەران دەتوانن تیایدا بخەون و هەزاران کۆچبەری دەستبەسەرکراوی ئازاد کردووە. لە مێژە براونسڤیڵ ناوەندی سەرەکی کۆچبەرانی سەرانسەری سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیکە. هەفتەی داهاتوو ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر سنوورەکە کۆتایی دێت کە بە تایتڵ 42 ناسراوە، پێشبینی دەکرێت براونسڤیڵ ببێتە شوێنی سەرەکی بۆ کۆچبەران.

ساندۆڤاڵ بە کەناڵی کەی ئاڕ جی ڤی وت بەرپرسانی شارکە لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەوەی ئاخۆ پێکدادانەکە بە مەبەست بووە یاخود ڕووداو بووە. هەروەها لێپێچینەوە لە شۆفێرەکەش دەکەن کە لەلایەن شایەتحاڵانەوە لە شوێنی ڕووداوەکەدا گیراوە.

ماڵدۆنادۆ وتی ناوەندەکە پێش ڕووداوەکە هیچ هەڕەشەیەکی لێنەکراوە، بەڵام دوای ڕووداوەکە هەڕەشەی لێکراوە.

وتی " چەند کەسێک هاتوونەتە لای دەرگای پەناگەکە و بە پاسەوانەکانییان وتووە هۆکاری ڕوودانی ئەمە ئێمە بووین."

پەناگەکە دەتوانێت 250 کەس لەخۆبگرێت، بەڵام زۆرێک لەوانەی کە دەگەنە پەناگەکە هەر لە هەمان ڕۆژدا جێی دەهێڵن. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە سنوورەکەدا دەپەڕنەوە شارەکەی ناچار کرد باری نائاسایی کتوپڕ ڕابگەیەنێت، لە کاێکدا کە بەرپرسانی ناوخۆ و ویلایەتەکە هەماهەنگییان دەکرد لە دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکاندا.

ماڵدۆنادۆ وتی " لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە 250 بۆ 380 کەسمان وەرگرتووە."

لە کاتێکدا کە پەناگەکە هۆکاری گواستنەوە بۆ کۆچبەران دابین دەکات، لە هەمان کاتیشدا کۆچبەران دەتوانن هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی بەکاربهێنن.

وتی " هەندێکیان لە ڕێگەیاندا بوون بۆ شوێنی وەستانی پاسەکان، چونکە بە نیاز بوون بەرەو ئاڕاستەکانییان بڕۆن."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG