Accessibility links

بەرپرسان دەڵێن هێرشە گومانلێکراوەکانی حوسییەکانی یەمەن دوو کەشتی لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج


بەرپرسان دەڵێن ڕۆژی دووشەممە لە هێرشێکی گومانلێکراوی حوسییەکاندا دوو کەشتی لە دەریای سوور کراونەتە ئامانج، نزیک لەو شوێنەوە کە تێیدا هەوڵدەدرێت تانکەرێک دەربهێندرێتەوە کە پڕە لە نەوت و هێشتا دەسووتێت و پێشتر لەلایەن حوسییەکانەوە کرابووە ئامانج.

باوەڕوایە هێرشەکان نوێترین هەڵمەتی هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و بوونەتە هۆی تێکدانی هاتووچۆی بازرگانی بە دەریای سووردا کە ساڵانە بە بەهای 1 تریلیۆن دۆلار شتومەکی پێدا تێپەڕ دەبێت.

هاوکات هەوڵەکان بۆ دەرهێنانەوەی تانکەرەکە کە بارێکی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی پێیە بەرەو کارەساتێکی ژینگەیی دەچێت. ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانی دەریایی بەڕیتانیای سوپای بەڕیتانیا وتی لە یەکەم هێرشی ڕۆژی دووشەممەدا دوو موشەک لە کەشتییەکییان داوە، تەقینەوەی سێیەمیش لە نزیک کەشتییەکەوە ڕوویداوە.

وتی " لە ئێستادا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی زیانەکان دەدرێت. لەسەر کەشتییەکە هیچ کەس زیانی پێنەگەیشتووە و کەشتییەکە بەرەو بەندەری داهاتووی دەچێت."

کات و شوێنی هێرشەکە کە لەلایەن ناوەندەکەی بەڕیتانیاوە خراوەتەڕوو لەگەڵ ئەو ڕێڕەوەدا دەگونجێن کە کەشتی تانکەری بلو لاگۆن ئای لەسەری بووە. تانکەرەکە ئێستا بە دەریای سووردا بەرەو باشوور دەڕوات. بلو لاگۆن ئای لە بەندەری ئوست لوگای ڕووسیاوە هاتووە و دەوترێت نەوتی ڕووسیای هەڵگرتووە.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا تانکەری بلو لاگۆن ئای گەشتی کردووە بۆ هیندستان، هیندستان زیاتر لە سەدا 40 ی نەوتەکەی لە ڕووسیاوە وەردەگرێت سەرەڕای جەنگەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا و ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی کە خراونەتە سەری.

دواتر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەدا دەزگا بەڕیتانیەکەی ئاماژەی بەوەدا کە هێرشی دووەم ڕوویداوە لە دەرەوەی بەندەری حودەیدەی یەمەن کە لە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە. کۆمپانیای ئاسایشی تایبەتی ئامبری وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کەشتییەکی بازرگانی داوە، بەڵام باس لە هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددی نەکراوە. هێرشەکە تەنها چەند کیلۆمەترێکی کەم دوور بووە لەو شوێنەوە کە تێیدا هێرش کرایە سەر بلو لاگۆن ئای.

حوسییەکان تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشەکانییان ڕانەگەیاندووە، بەڵام زۆرجار چەند کاتژمێرێک یاخود چەند ڕۆژێکییان پێدەچێت تاوەکو دان دەنێن بەوەدا کە ئەوان بوون هێرشەکانییان ئەنجامداوە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە لە مانگی 10 دا، حوسییەکان زیاتر لە 80 کەشتییان لە دەریای سووردا بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج. دەستییان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە و دوو کەشتی دیکەیان نقووم کردووە لە هەڵمەتێکدا کە چوار دەریاوانیش کوژران تێیدا. موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دیکە لەلایەن هاوپەیمانێتییەکەوە لە دەریای سووردا خراونەتە خوارەوە کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، هەندێک لە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانییان.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە هەوڵێک درا بۆ هێنانە دەرەوەی کەشتی تانکەری نەوت هەڵگری سۆنیۆن، کە پێشتر لەلایەن حوسییەکانەوە لێیدرا و کارمەندەکانی بەجێیان هێشت.

کەشتییەکە نزیکەی 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو کاتێک حوسییەکان سەرەتا لە 21 ی مانگی هەشتدا بە چەکی بچووک و موشەک و دڕۆنی بەلەم لێیاندا. کەشتییەکی جەنگی فەڕەنسی کە لە چوارچێوەی ئەرکێکی یەکێتی ئەوروپادا کاردەکات 52 کارمەندە فیلیپینی و ڕووسیاییەکەی کەشتییەکەی ڕزگارکرد، لەگەڵ چوار پاسەوانیشدا، ئەوەش دوای ئەوەی کەشتییەکەیان جێهێشت و گواستیاننەوە بۆ جیبوتی.

هەفتەی ڕابردوو حوسییەکان ڤیدیۆیەکییان بڵاوکردەوە کە تێیدا پیشانی دەدەن تەقەمەنی لەسەر کەشتی سۆنیۆن دەچێنن و دەیتەقێننەوە، وەکو پڕوپاگەندەیەک، ئەمەش شتێکە کە حوسییەکان پێشتر ئەنجامییان داوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG