Accessibility links

سەرچاوەکان: حەمدوک ئامادەیە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی سودان لەگەڵ ئیسڕائیل ئەگەر پەرلەمان ڕازی ببێت


سەرۆک وەزیری سودان عەبدوڵا حەمدوک
سەرۆک وەزیری سودان عەبدوڵا حەمدوک

دوو سەرچاوەی حکومەتی سودان بە ڕۆیتەرزیان وت سەرۆک وەزیری وڵاتەکە عەبدوڵا حەمدوک ئامادەیە پەیوەندییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بەمەرجێک پەرلەمانی کاتی وڵاتەکە کە هێشتا پێک نەهێندراوە ئەو هەنگاوە پەسەند بکات.

ئەم جۆرە لێدوانانە ڕوونترین ئاماژەن لەسەر ئەوەی حەمدوک کە ڕووبەڕووی فشارەکانی ئەمەریکا بۆتەوە، ئامادەیە بیر لە دامەزراندی پەیوەندییەکانی نێوان سودان و ئیسڕائیل بکاتەوە.

ئەم جۆرە هەنگاوە ئاسان نیە چونکە هێشتا پێویستە بەپێی ڕێکەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان ئەفسەرانی سوپا و کۆمەڵانی مەدەنیدا پەرلەمانی وڵاتەکە پێک بهێندرێت کە لە دوای لەکارلابردنی سەرۆکی پێشوو عومەر بەشیر لە ساڵی 2019 ەوە وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن.

تاوەکو ئێستا حکومەتەکەی حەمدوک هەوڵەکانی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە کە ئامانج لێی لابردنی سودانە لە لیستی ئەو وڵاتانەدا کە پشتیوانی تیرۆر دەکەن لەبەرامبەریشدا سودان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی بکاتەوە.

بەڵام کۆمەڵێک کەسایەتی دیاری سەربازی سودان کە بەشدارن لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا، کراوەن بەڕووی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا، بەڵام کۆمەڵانی مەدەنی و سیاسییە ئیسلامیەکان دوودڵن لەوبارەیەوە.

سەرچاوەیەکی حکومەتی سودان وتی " سەرۆک وەزیر حەمدوک ڕازی دەبێت بەوەی بەردەوام بێت لەسەر ئەو هەنگاوانەی سەرۆکی ئەنجومەن عەبدولفەتاح دەستیپێکردووە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا، بەڵام بە مەرجێک ئەنجومەنی یاسادان دوای پێکهاتنی ئەو هەنگاوە پەسەند بکات."

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ حەمدوک کرد و وتی " پێشوازی لە هەوڵەکانی دەکەم بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سودان و ئیسڕائیل و هیوا دەخوازم بەردەوام بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG