Accessibility links

توێژینەوەیەک دەریدەخات فیلەکان بە ناوی خۆیانەوە یەکتری بانگ دەکەن


چەندین ساڵە ئەو توێژەرەوانەی کە توێژینەوە لەسەر فیلەکان دەکەن تێبینی دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەرییان کردووە، هەندێک جار کاتێک فیلەکان دەنگێک دەردەکەن بۆ کۆمەڵێک فیلی دیکە، هەموویان وەڵام دەدەنەوە. بەڵام هەندێک کاتیش هەیە کە هەمان فیل دەنگێکی هاوشێوە بۆ کۆمەڵێک فیلی دیکە دەردەکات، تەنها یەک فیل وەڵام دەداتەوە.

ئایا دەکرێت ئەوە ئەوە بگەیەنێت کە فیلەکان بە ناوی خۆیانەوە یەکتری بانگ دەکەن؟ توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر فیلەکانی ساڤانای ئەفریکا لە کینیا ئەنجام دراوە کە پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکات.

توێژەرەوەکان شیکارییان بۆ دەنگەکان کردووە کە زۆربەیان دەنگە دەنگی فیلەکانن کە بە هەمان شێوەی قسەکردنی مرۆڤ بە بەکارهێنانی ژێیەکانییەوە دروستی دەکەن، دەنگی زیاتر لە 100 فیل لە پارکی نیشتیمانی ئەمبۆسیلی و کۆمەڵگەی نیشتیمانی سامبورو.

لە ڕێی بەکارهێنانی ئامێرێکی فێربوونەوە، توێژەرەوەکان بەشێکییان ناسیوەتەوە کە هاوشێوەی ناوە لەم بانگکردنانەدا کە تێیدا فیلێک بانگی فیلێکی دیاریکراو دەکات یاخود بانگی کۆمەڵێک فیل دەکات. توێژەرەوەکان دواتر ئەو دەنگەیان بۆ 17 فیل لێدایەوە تاوەکو بزانن ئایا چۆن وەڵامی ئەو بانگکردنە دەدەنەوە کە بۆ ئەوان بووە و یاخود ئەو فیلە چۆن وەڵام دەداتەوە کە بانگکردنەکە تەنها بۆ ئەو بووە..

فیلەکان زۆر بە بەهێزییەوە وەڵامی بانگکردنەکانییان دایەوە. کاتێک گوێیان لەو بانگکردنە بوو، زۆر بە پەرۆشترەوە ڕەفتارییان دەکرد، بەرەو سەرچاوەی دەنگەکە دەڕۆیشتن و دەنگە دەنگی زیاترییان دەکرد وەک لەوەی کە بانگکردنەکە تەنها بۆ یەک فیل بێت.

میکی پاردۆی نوسەری توێژینەوەکە و زانای ئیکۆلۆجی و ڕەفتارکردن لە زانکۆی کۆرنێڵ دەڵێت توێژینەوەکە دەریدەخات کە فیلەکان " بە شتێکی هاوشێوەی ناو یەکتری بانگ دەکەن." توێژینەوەکە ڕۆژی دووشەممە لە گۆڤاری نەیچەر ئیکۆلۆجی و ئیڤۆلۆوشن بڵاوکرایەوە.

پاردۆ وتی " بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوەی بەم شێوەیە بانگی یەکتر بکەن، فیلەکان دەبێت فێری دەنگە دیاریکراوەکان ببن لەگەڵ فیلە دیاریکراوەکاندا و دواتر ئەو دەنگانە بەکاربهێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەو فیلەی کە بانگی دەکات، ئەوەش پێویستی بە توانایەکی گەورەی فێربوون و تێگەیشتن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە."

فیلەکان کە گەورەترین ئاژەڵی سەر وشکانی زەوین، زۆر زیرەکن، بەوە ناسراون کە بیرێکی باشیییان هەیە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانییان هەیە و پەیوەندییەکی پێشکەوتوو و بەهێزییان هەیە. توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە کە فیلەکان کاتێک سڵاو دەکەن دەتوانن بە شێوەیەکی ئاڵۆز پەیوەندی بە یەکترەوە بکەن، لە ڕەفتار و بینین و دەنگ و تەکتیکی ئاماژەدانیشدا.

بۆچی فیل دەبێت بە " ناو " فیلێکی دیکە بانگ بکات؟

زیندەناس و هاونوسەری توێژینەوەکە جیۆرج ویتیمایەر کە سەرۆکی دەستەی زانستی گروپی گفتوگۆکانی Save the Elephants وتی " بە تەواوەتی نازانین، بەڵام بەپێی شیکارییەکانمان وادەردەکەوێت بانگکردنەکان بە زۆریی لەو ماوەیەدا بن کاتێک فیلێک بانگی فیلێکی دیکە دەکات، زۆرجار بە ناو."

وتیشی " زۆرجاریش فیلە دایکەکە بۆ هێمنکردنەوەی بێچووەکەی بانگی دەکات یاخود بۆ پشکنینی. پێمان وابوو کە لە ماوەی سڵاوکردنەکاندا ئەوە دەبینین، بەڵام ئەوە کەمتر باو بوو لەو جۆرە دەنگانەدا."

بەکارهێنانی ناو لە نێو ئاژەڵدا دەگمەنە، بەڵام بێپێشینە نیە. دۆلفینەکان و توتییەکان ئەم کارەیان کردووە، بەڵام کەی ئەوە دەکەن، تەنها لاسایی ئەو دەنگانە دەکەنەوە کە ئاژەڵەکانی دیکە دروستی دەکەن. بەڵام لە فیلەکاندا، دەنگەکان لاساییکردنەوەی ئەو دەنگانە نین کە فیلەکەی بەرامبەری دروستییان دەکات.

پاردۆ دەڵێت " لە فیلەکاندا ناوەکان وادەردەکەوێت کە تایبەت بن، وەکو ناوەکانی مرۆڤ. بانگکردنی کەسێک بە ناوی خۆی پێویستی بە توانایەکی بیرکردنەوەی دەرهەست دەبێت."

ویتیمایەر وتی " پێم وایە ئەم کارە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە فیلەکان چەند زیرەک و سەیرن."

ئایا خەڵک ڕۆژێک لە ڕۆژانە دەتوانێت لەگەڵ فیلەکاندا قسە بکات؟

ویتیمایەر وتی " ئەوە زۆر سەرسوڕهێنەر دەبێت، بەڵام ئێمە زۆر دوورین لەوەوە. ئێمە هێشتا ڕستەسازی یاخود بەشە سەرەتاییەکانی زانیارییەکانی دەنگی فیلەکان نازانین. دەبێت پێشتر ئەوە بزانین تاوەکو بتوانین بەرەوپێشچوونێکی قووڵتر بکەین لە تێگەیشتن لە فیلەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG