Accessibility links

وتاری ساڵانەی سەرۆکی ئەمەریکا


سەرۆک ترامپ شەوی سێشەممە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا و بە ئامادەبوونی زۆربەی زۆری یاسادانەران و کاربەدەستانی باڵای حکومەت و لەشکر و دادوەرانی دادگای باڵا، دووەم وتاری ساڵانەی خۆی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـێشکەشکرد.

سەرۆک ترامپ سەرەتا گوتی ئەمڕۆ لە بەردەم کۆنگرێسێکی نوێدا و ئامادەیە کاری لەگەڵدا بکات بۆ بە بەدیهێنانی کاری گەورەی مێژوویی بۆ هەموو ئەمەریکایـیەکان کە خوازیارن وەک وڵاتێک کاربکەن نەک وەک دوو پارتی سیاسی.

گوتی ئەو کارنامەیەی ئەمڕۆ دەیخاتە ڕوو نە کارنامەی کۆماریـیەکانە و نە هی دیموکراتەکانە، بەڵکو کارنامەی خەڵکی ئەمەریکایـیە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، زۆرێک لە ئەندامانی هەردوو پارت لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن هەمان بەڵێنیان بۆ خەڵکی ئەمەریکا هەبووە، لەوانە زیادکردنی هەلی کار، بنیادنانی ژێرخانی وڵاتەکە، کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکان، دانانی سیستەمێکی کۆچبەری دوروست و یاسایی و مۆدێرن، پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەکی کە بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا بخاتە پـێش هەموو شتێکەوە. گوتیشی سەرکەوتنەکان بۆ پارتەکانیان نیـیە، بەڵگو بۆ تەواوی وڵاتەکەیە.

سەرۆک ترامپ گوتی ئەمەریکا لە سەدەی 20 ئازادی پاراستووە و زانستی حەواڵەکردووە و لە هیچ شتێکدا نەتوانراوە ڕکابەری بکرێت. پاشان گوتی بۆ سەدەی 21 دەبێت پـێوانەی نوێ بۆ بژێوی ژیان دابنرێن و ژیانێکی باشتر بۆ هەموو هاوڵاتیانی ئەمەریکا دابینبکرێت.

گوتیشی دەکرێت کۆمەڵگەی ئەمەریکایی زیاتر پارێزراوتربن و خێزانەکان بەهێزتربن و بڕوای ئەمەریکایـیەکان قوڵتربن و چینی مامناوەندی گەورەتربێت و لە هەموو کاتێک زیاتر گەشاوەتربێت.

بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت سیاسەتەکانی تۆڵەسەندنەوە و بەرهەڵستی ڕەتبکەنەوە و لە بری ئەوانە ڕوو لە هاوکاری و چارەسەری مامناوەندیـیانە بکەن.

گوتیشی ئەمەریکایـیەکان دەتوانن پـێکەوە کۆتایی بە دەیان ساڵی بەربەستی سیاسی نێو وڵاتەکە بهێنن و دابەشبوونەکان نەهێڵن و برینەکان ساڕێژبکەنەوە و هاوپەیمانێتی نوێ بهێننە ئاراوە.

سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی دوو ساڵی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی ئابوری وڵاتەکە بە شێوەیەکی بێ وێنە گەشەی کردووە. گوتی 5.3 ملیۆن هەلی کاری نوێـیان دابینکردووە و لە هەمووی گرنگتر 600 هەزار هەلی کار لە کەرتی پـیشەسازیدا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بۆ دەیان ساڵە بە هێندەی ئێستا موچە بەو خێرایـیەی ئێستا ڕووی لە زیادبوون نەکردووە و بە تایبەتی موچەی کرێکاران. گوتیشی نزیکەی 5 ملیۆن ئەمەریکایی چیتر پـێویستیان بە کۆبۆنی خۆراک نیـیە و وەری ناگرن.

سەرۆک ترامپ گوتی ئێستا ئابوری ئەمەریکا بە خێرایـیەک گەشە دەکات دوو هێندەی ئەو کاتەیە کە پـۆستی سەرۆکایەتی گرتەدەست، بێکاری گەیشتووەتە نزمترین ڕێژە لە ماوەی نیو سەدە. ڕێژەی بێکاری لە نێوان ئەمەریکایـیە ئەفریکایـیەکان و ئەمەریکایـیە ئیسپانی زمانەکان و ئەمەریکایـیە ئاسێویـیەکان گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لەوەتای دەستکراوە بە تۆمارکردنی ئەو ڕێژانە. هەروەها ڕێژەی بێکاری لە نێو خاوەن پـێداویستیە تایبەتەکانیش گەیشتووەتە نزمترین ئاستی.

پاشان گوتی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی باجی کەمکردووەتەوە لەسەر ئەو خێزانانەی کاردەکەن و دوو هێندەی جاران ئەو باجەش کەمکراوەتەوە لەسەر ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە. هەروەها کۆتایی هێنراوە بە وەرگرتنی باج لە میراتی و کێڵەگە خێزانیـیەکان و کارداری بچوک. لەگەڵ ئەوەش سزای دارایی نێو یاسای خزمەتگوزاری ئۆباما لابراوە.

سەبارەت بە کەرتی وزە، سەرۆک ترامپ گوتی ئێستا ئەمەریکا بۆ یەکەم جار لە پاش 65 ساڵ یەکەم سەرچاوەی نەوت و گازی سروشتیـیە لە جیهاندا.

پاشان ڕەخنەی لەو دۆخە سیاسیـیەی ناو واشنتن گرت و گوتی ئەگەر ئاشتی و یاسادەرکردن هەبن، ئەوا شەڕ و لێکۆڵینەوەش نابێت. گوتی بەم شێوەیە کار ناکرێت. جەختی کردەوە کە دەبێت ئەمەریکایـیەکان لە ناوەوە یەکگرتووبن تاوەکو بتوانن لە دەرەوە شکست بە دوژمنانیان بهێنن.

سەرۆک ترامپ باسی لە کێشەی کۆچبەرانی نایاسایی کرد و گوتی لە ئێستادا کاروانی گەورەی کۆچبەرانی نایاسایی وا بە ئاڕاستەی ئەمەریکاوە دێن. گوتیشی زانیاریان پـێگەیشتووە شارەکانی مەکسیک کۆچبەرە نایاسایـیەکان کۆدەکەنەوە و بە ئۆتۆمبیل بەرەو ئەو ناوچە سنووریـیانەیان دەبن کە هیچ پاسەوانیان لێ نیـیە. بۆیە فەرمانی کردووە 3750 سەرباز ڕەوانەی سنوورەکانی باشوری وڵاتەکە بکرێن تاوەکو ئامادەکاری بۆ ئەو هێرشە گەورەیە بکەن.

بەڵام هاوکات ستایشی کۆچبەرانی یاسایی کرد و گوتی ئەوانەی ڕێز لە یاسا و ڕێساکان دەگرن بە قازانجی وڵاتەکە دەکەونەوە و ئەمەریکا بە چەندان شێوە دەوڵەمەندتر دەکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە زیادبوونی ڕۆڵی ژنانی لە نێو کۆمەڵگەی ئەمەریکایی کرد و گوتی دوای سەدەیەک لەوەی دەستور هەموارکرا بە شێوەیەک کە مافی دەنگدان بە ژن بدرێت، ئێستا ژنان لە هەموو کاتێک زیاتر لە نێو کۆنگرێسدان.

هەروەها باسی لە سیاسەتی بازرگانی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی کرد و گوتی هەڵەکانی ڕابردووی ئەمەریکا ڕاستدەکاتەوە و چیتر ڕێگە نادات چین و مەکسیک و کەنەدا بۆ بەرژڕەڕندی خۆیان زیان بە ئەمەریکایـیەکان بگەیەنن.

سەرۆک ترامپ داوایکرد زیاتر پەرە بە کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکە بدرێت و هەروەها کەرتی پـیشەسازی ئۆتۆمبیل تاوەکو ئۆتۆمبیلی زیاتر لەسەریان بنووسرێت لە ئەمەریکا دروستکراوەMADE IN THE USA .

پاشان ڕووی دەمی کردە یاسادانەرانی ئەمەریکا و گوتی ئەمشەو داواتان لێدەکەم یاسایەکی بازرگانی پەسەندبکەن بە شێوەیەک ئەگەر هاتوو وڵاتێک گومرگی ناڕەوای خستە سەر کاڵاکانی ئەمەریکا، ئەوا ئێمەش بتوانین هەمان گومرگ بخەینە سەر ئەو کاڵایانەیان بۆ ئێمەی ڕەوانەدەکەن.

سەبارەت بە بنیادنانەوەی ژێر خانی وڵاتەکە گوتی ئەمە کارێکی گرنگە و دەبێت ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا داواشی کرد نرخی خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکان و دەرمان کەم بکرێنەوە و ئەو نەخۆشانە بپارێزرێن کە نەخۆشی قورسیان هەیە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەم جار لە پاش 46 ساڵ نرخی درمان دابەزیوە. داواشی لە کۆنگرێس کرد بوجە تەرخان بکەن بۆ نەهێشتنی نەخۆشی ئەیدز لە وڵاتەکە لە ماوەی 10 ساڵدا.
لە بارەی گرنگیدان بە لەشکری وڵاتەکە، سەرۆک ترامپ گوتی ساڵی ڕابردوو 700 ملیار دۆلاریان تەرخان کردبوو بۆ بنیادنانەوەی لەشکر و ئەمساڵیش 716 ملیار دۆلاری دیکە. جگە لەوەش وەهایان لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کردووە بە ڕەوایانە مامەڵە لەگەڵ ئەمەریکا بکەن و ئەوانیش زیاتر بەشداربن لە خەرجیـیەکانی ناتۆ. سەرۆک ترامپ گوتی ئەندامانی ناتۆ 100 ملیار دۆلار زیاتر بۆ خەرجیـیەکان ناتۆ دابینکردووە.

جەختی کردەوە لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەیدا هەرگیز بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا پشتگوێ ناخات.

سەرۆک ترامپ پەیماننامەی INF ی بە نمونە هێنایەوە، ئەوەی لەگەڵ ڕووسیا مۆرکرابوو. گوتی ئەمەریکا بۆ دەیان ساڵ پابەندی پەیماننامەکە بووە، بەڵام ڕووسیا بەردەوام مەرجەکانی ڕێکەوتنەکەی بۆ چەندان ساڵ بوو پـێشێلکردبوو، بۆیە ڕایدەگەیەنێت ئەمەریکا بە فەرمی لەو پەیماننامەیە دەکشێتەوە.

سەبارەت بە پەیوەندیـیەکان لەگەڵ کۆریای باکور، سەرۆک ترامپ گوتی هەنگاوی پاش نراون، لەوانە بارمتە ئەمەریکایـیەکان ئازادکراون و گەڕانەتەوە وڵات، تاقیکردنەوە ناوکیـیەکانی کۆریای باکور ڕاگیراون و لە ماوەی زیاتر لە 15 مانگدا کۆریای باکور یەک تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام‌نەداوە. گوتیشی ئەگەر ئەو بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵنەبژێردرایە، ئەوا ئێستا ئەمەریکا لە حاڵەتی شەڕدا دەبوو لەگەڵ کۆریای باکور. گوتیشی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور باشن و جارێکی دیکە لە 27 و 28 ی مانگی دوو لە ڤێتنام کۆدەبنەوە.

دەربارەی ڤەنزوێلا، سەرۆک ترامپ گوتی دوو هەفتە لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فەرمی دانی‌نا بە حکومەتی شەرعی ڤەنزوێلا و بە سەرۆکە کاتیـیەکەی خوان گوایدۆ. گوتیشی ئەمەریکا لە پاڵ خەڵکی ڤەنزوێلا دەبێت لە پـێناو گەیشتن بە ئازادی و لە هەمان کات دڕەندەیی ڕژێمی مادورۆ و سیاسەتە سۆشیالیستەکانی سەرزەنشت دەکات کە وەهای کردووە ئەو وڵاتە لە دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەمەریکای باشورەوە ببێتە وڵاتێکی هەژار.

سەرۆک ترامپ باسیشی لە دانپیادانانی ئەمەریکا بە شاری ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل کرد و گوتی بە هەموو شانازیـیەکەوە باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە ئۆرشەلیم کردەوە.

پاشان گوتی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی نزیکەی 19 ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕیان کردووە، لە ئەفغانستان و عێراق. نزیکەی 7 هەزار ئەمەریکایی گیانی خۆیان فیداکردووە و زیاتر لە 52 هەزار ئەمەریکایی بە سەختی برینداربوون و زیاتر لە 7 ترلیۆن دۆلار خەرجکراون.

باسیشی لە شەڕی دژی داعش کرد و گوتی کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر پـۆستی سەرۆکایەتی گرتەدەست داعش زیاتر لە 20 هەزار میل دووجا خاکی لە عێراق و سوریا کۆنترۆڵکردبوو، بەڵام ئەمڕۆ هەموو ئەو ناوچانە ڕزگارکراون و ئێستا ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کاردەکات بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش. گوتیشی ئیدی کاتی ئەوەیە سەربازانی ئەمەریکایی بگەڕێنەوە وڵات و بە گەرمی پـێشوازیـیان لێبکرێت.

سەبارەت بە ئەفغانستان، سەرۆک ترامپ گوتی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی لەوێ وتووێژی باشی ئەنجامداوە لەگەڵ ژمارەیەک لە گروپە ئەفغانیـیەکان، لەوانە بزوتنەوەی تاڵیبان. گوتیشی هاوکاتی بەرەوپـێشچوونی دانوستاندنەکان، هێزەکانی ئەمەریکا دەتوانن ژمارەیان لەو وڵاتە کەمبکەنەوە و سەنگی بخەنە سەر شەڕی دژە تێرۆر.

لە بارەی ئێرانیشەوە، سەرۆک ترامپ گوتی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بە شێوەیەکی توند ڕەفتاری لەگەڵ ڕژێمی ڕادیکاڵی ئێران کردووە، وە بۆ ئەوەی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرە گەندەڵە نەبێتە خاوەن چەکی ناوکی، ئەمەریکا لە ڕێکەوتننامە ناوکیەکە کشاوەتەوە و لە پایزی ساڵی ڕابردووەوە قورسترین سزای بەسەردا سەپاندووە کە بەسەر هیچ وڵاتێکی دیکەدا نەسەپـێنراوە.

XS
SM
MD
LG