Accessibility links

سەرۆک ترامپ ئەمشەوی سێشەممە دووەم وتاری ساڵانەی سەرۆک پـێشکەش دەکات


دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 5 ی مانگی دوو ی 2019 دووەم وتاری ساڵانەی خۆی وەک سەرۆکی وڵات پـێشکەش دەکات.

ئەم وتارەی ئەمساڵ لە کاتێکدا کە هێشتا کۆماریـیەکان و دیموکراتەکان لە کۆنگرێس بە ڕێکەوتنێک نەگەیشتوون لەسەر بوجە و ئەو دیوارەی سەرۆک ترامپ دەخوازێت لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک دروستبکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچبەرانی نایاسایی.

کاربەدەستان لە کۆشکی سپی دەڵێن سەرۆک ترامپ بەنیازە وتارێکی گەشبینانە پـێشکەش بکات و تیایدا باس لەو کارانە بکات کە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی ئەنجامی داون، وە پاشان ئامانجەکانی بۆ ساڵی داهاتوو بخاتە ڕوو و لەگەڵ ئەوەشدا داوای یەکگرتوویی ئەمەریکایـیەکان بکات.

چاوەڕوان‌‌دەکرێت سەرۆک ترامپ پـلانێک ڕابگەیەنێت بە ئامانجی ئەوەی بتوانرێت هەتا ساڵی 2030 بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەیدز ڕابگیرێت.

لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ئەمەریکا ئەم نەخۆشیە ترسناکەیان گرتووە و ساڵانەی نزیکەی 40 حاڵەتی نوێ تۆماردەکرێن.

کۆشکی سپی ناوی ئەو کەسانەشی ئاشکراکردووە کە سەرۆک ترامپ و مەڵانیای ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا بانگهێشتیان کردوون بۆ مەراسیمەکە کە لە کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت، لەوانە کەسوکاری ژن و مێردێک کە بە دەستی کۆچبەرێکی نایاسایی کوژران. دوو کەس لە ڕزگاربووانی هێرشە چەکداریـیەکەی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، ئەوەی کرایە سەر کەنیشتێک لە شاری پیتسبێرگ لە ویلایەتی پەنسلڤانیا. ژنێکیش کە بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرچووبوو بە تۆمەتی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان و سەرۆک ترامپ لێبوردنی بۆ دەرکردووە.

چاوەڕوانیش دەکرێت مەسەلەی کۆچبەری نایاسایی و دیوارەکەی سەر سنووری مەکسێک بەشێکی گرنگی وتارەکەی سەرۆک ترامپ بن. پاشان باس لە بەهێزبوونی ئابوری وڵاتەکە بکات کە بە یەکێک لە خاڵە سەرەکیـیەکانی سەرۆک ترامپ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 دادەنرێت.

پـێشبینی دەکرێت باس لە دابینکردنی بوجەی زیاتر بۆ بنیادنانی ژێرخانی وڵاتەکە بکات، ئەمەش خاڵێکە وەک کۆشکی سپی دەڵێت لەوانەیە دیموکراتەکان لەمەدا لەگەڵ سەرۆکدا کۆکبن.

لە بارەی سیاسەتی دەرەوەش پـێشبینی دەکرێت باسی چەند بابەتێک بکات، لەوانە هەڕەشەکانی ئێران و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و ئەفغانستان و دانوستاندنەکان لەگەڵ کۆریای باکور و ڕەوشی سیاسی لە ڤەنزوێلا.

XS
SM
MD
LG