Accessibility links

ڕاپـۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: داعش گەورەترین سەرچاوەی تێرۆرزمە لە جیهاندا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە تێرۆرزم لە جیهان بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت لە ساڵی 2015 تێرۆر لە جیهاندا کەمبووەتەوە بە ڕێژەی 13% و بەمەش ژمارەی کوژراوانی ئاکامی هێرشە تێرۆرسـتیـیەکان بە ڕێژەی 14% کەمبووەتەوە بەراورد بە سـاڵی 2014.

وەزارەتەکە ڕۆژی پـێنجشەممە ڕاپـۆرتەکەی لەسەر ماڵپەڕی خۆی بڵاوکردەوە و دەڵێت هەرچەندە هێرشەکان کەمبوونەتەوە، بەڵام هێشتا بە هەزاران کەس لە سەرانسەری جیهان بوونەتە قوربانی تێرۆرزم. دەشڵێت لە ماوەی ساڵی ڕابردوو 11 هەزار و 774 هێرشی تێرۆرستی لە 92 وڵاتی جیهان ڕوویانداوە و بوونەتە مایەی کوژرانی 28 هەزار و 328 کەس، لەوانە 6 هەزار و 932 کەسیان لە عێراق کوژراون.

پاشان ڕاپـۆرتەکە باسی لە زیادبوونی هێرشە تێرۆرستیـیەکان کرد لە ژمارەیەک وڵات، لەوانە تورکیا، بەنگلادیش، میسر، سوریا، فلپـین. ئاماژەی بۆ داعشیش کرد کە سەرەڕای ئەوەی مەترسیـیەکانی ئەم ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە لە عێراق و سوریا کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵێـک لەمەوبەر، بەڵام هێشتا گەورەترین سەرچاوەی تێرۆزمی جیهانیـیە و جێی مەترسیـیەکی زۆرە لە لیبیا و سینای میسر و بەشێکی ئەفغانستان و باکوری نێجیریا کە لەوێ بۆکۆ حەرام بەیعەتی داعشی کردووە.

هەروەها ڕاپـۆرتەکە ئێرانی لە لیستی ئەو وڵاتانە هێشتووەتەوە کە پاڵپشتی لە تێرۆر دەکەن، دەڵێت پشـتیوانی لە ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی حزبوڵڵای لوبنان و حەماسی فەڵەسـتینی و کەتائیب حزبوڵڵا لە عێراق دەکات لەگەڵ ئەمانە بەرگری لە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا کردووە.

جگە لە ئێران، سوریا و سودانیش لە لیستی ئەو وڵاتانە بوون کە پـاڵپشـتی لە تێرۆزم دەکەن. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە لیستەکەدا کوبا لادراوە کە ساڵانێـکی زۆربوو لەو لیستەدا بوو.

لە لیستی ڕێـکخراوە تێرۆرستیـیەکانیش، پارتی کرێکارانی کوردسـتان (پەکەکە) هێشتا ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG