سەرۆک وەزیری نوێی بەڕیتانیا کیر ستارمەر ڕۆژی دووشەممە بەڵێنیدا ڕێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا بە دەستبهێنێت سەبارەت بە یاساکانی بازرگانی دوای برێکست و " چاککردنەوەی ڕێککەوتنەکە " کە لەلایەن سەرۆک وەزیری پێشووتری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسنەوە واژۆ کراوە.
دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئیرلەندای باکووردا لە بێڵفاست، کە لەوێ یاساکانی بازرگانی دوای جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ' برێکست ' ماوەی چەندین ساڵە بابەتی سەرەکی سیاسیین، ستارمەر وتی حکومەتە نوێیەکەی سەرەتا پێویستی بە جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان دەبێت لە ژێر ڕێککەوتنەکەی ئێستادا و هەروەها دروستکردنی متمانە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا.
ستارمەر کە هەفتەی ڕابردوو لە هەڵبژاردنەکانی بەڕیتانیادا سەرکەوتنێکی مێژوویی بە دەستهێنا، وتی " ناتوانین پەیوەندییەکی باشترمان دەست بکەوێت ئەگەر پابەندبوونی خۆمان پیشان نەدەین بە پەیوەندییەکان و ئەو ڕێککەوتنانەوە کە پێشتر واژۆ کراون."
پارتەکەی ستارمەر، پارتی کرێکارانی بەڕیتانیا، بە دووریزانیوە بەڕیتانیا جارێکی تر بچێتەوە ناو بازاڕی تەنهای یەکێتی ئەوروپا یاخود یەکێتی گومرگەوە، بەڵام وتوویەتی دەکرێت هەندێک لە بەربەستەکانی بەردەم بازرگانیکردن لەگەڵ 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپادا لاببرێن. بەڕیتانیا لە ساڵی 2020 دا لە یەکێتی ئەوروپا جیا بووەوە.
گەورەترین پارتی لایەنگری بەڕیتانیا لە ئیرلەندای باکوور کۆتایی بە بایکۆتکردنی ئەنجومەنی دەسەڵاتی گواستراوە هێنا دوای ئەوەی لە مانگی دوودا ئەنجومەنەکە گۆڕانکاری لە یاساکانی بازرگانیدا کرد کە لەلایەن سەرۆک وەزیری پێشووی بەریتانیا ڕیشی سوناکەوە مسۆگەرکرابوون، بەڵام لەو کاتەوە داوای گۆڕانکاری زیاتری کردووە.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەگەری بەڕێوەچوونی گشتپرسییەک لەسەر یەکێتی ئێرلەندا دوای ئەوەی پارتی سین فینی نەتەوەپەرستی ئێرلەندی بووە گەورەترین پارتی پەرلەمانی پارێزگاکە، ستارمەر وتی " بەپێی ڕێککەوتنی گوود فڕایدەی ڕەفتار دەکات." ڕێککەوتنی ئاشتی گوود فڕایدەی لە ساڵی 1998 دا واژۆ کرا و کۆتایی بە سێ دەیە لە توندوتیژی خێڵایەتی هێنا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز