ئاوی گازدار بژرادەیەکە بۆ ئەوەی خۆت لە خواردنەوە شەکردارەکان بپارێزیت و ئەمەش وایکردووە ئەم ئاوە ببێتە بژاردەیەکی تەندروست بۆ ئەوانەی مەبەستیانە کێشیان دابەزێنن. بەڵام ئایا خواردنەوەی ئاوی گازدار یارمەتیت دەدات کێشت دابەزێنیت؟
توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کە خواردنەوەی ئاوی گازدار بۆ دابەزاندنی کێش بە تەنها ستراتیژییەکی کاریگەر نییە و کاریگەرییەکەی زۆر کەمە.
دکتۆر ئاکیرا تاکاهاشی، پزیشکی نەخۆشخانەیەک لە ژاپۆن و نووسەری توێژینەوەکە کە ئەم هەفتەیە لە گۆڤاری (BMJ Nutrition, Prevention & Health) بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت توێژینەوەکە لەسەر توێژینەوەکانی پێشوو بنیات نراوە و لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کاتێک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەچێتە ناو خوێنمانەوە، لەوانەش لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاوی گازدارەوە، چی لە جەستەدا ڕوودەدات.
ئاوی کاربۆناویی، یاخود ئاوی گازدار، ئاوێکە کە لە ژێر فشاردا گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی تێدا بووە. ئەم پرۆسەیە بڵق دروست دەکات و جۆش و خرۆشی تایبەت بە ئاو دەبەخشێت.
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی خەڵک دوای خواردنەوەی ئەو ئاوە هەست بە تێری دەکەن، بەڵام زانایان ڕوون نین کە ئەم خواردنەوەیە چۆن کاریگەری لەسەر ئاستی شەکری خوێن دروست دەکات یان چۆن دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش.
بۆ زانینی ئەوە، دکتۆر تاکاهاشی پرۆسەی خواردنەوەی ئاوی گازداری لەگەڵ پڕۆسەی دایالیسسدا بەراورد کرد کە پڕۆسەیەکە کاتێک کە گورچیلە چیتر ناتوانێت بە باشی کار بکات، ئامێرێک خوێن لە پیسی و ئاوی زیادە پاک دەکاتەوە.
داتاکانی دەریانخست کاتێک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەچێتە ناو خوێن و خانەکانی خوێنەوە، پی ئەیچەکەی دەگۆڕێت. زیادبوونی کەمی ئەلکالین لە خوێندا ڕێگە بە خانەکان دەدات گلوکۆزێکی زیاتر هەڵمژن، ئەوەش ئاستی شەکر لە خوێندا کەم دەکاتەوە.
تاکاهاشی وتی بەڵام کەمبوونەوەی گلوکۆز کەمە.
وتی " بەپێی کەمی ئەو گلوکۆزەی کە لە خوێندا کەم دەبێتەوە، کاریگەریی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ئاوی گازداردا چارەسەرێک نیە بە تەنها بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دابەزاندنی کێشدا."
کەیت دۆنیلان لە ناوەندی تەندروستی ستاندفۆرد لە کالیفۆرنیا کە بەشدار نەبووە لە توێژینەوەکەدا وتی " ئەو کەسانەی کە شەکرەیان هەیە ڕەنگە گرنگی بدەن بەم توێژینەوەیە چونکە دەتوانێت کاربکاتە سەر هەوڵەکانییان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شەکری خوێندا."
لە سەروو کاریگەرییەکانییەوە لەسەر میتابۆڵیزم و ئاستەکانی پی ئەیچی خوێن، هۆکار هەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کێش دابەزێنن لەوانەیە ڕوو لە خواردنەوەی ئاوی گازدار بکەن.
دۆنیلان دەڵێت " ئامۆژگاری گشتی بۆ دابەزاندنی کێش پێشنیاری زیادکردنی خواردنی شلەمەنی و ڕیشاڵ و پرۆتین دەکات وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی هەست کردن بە تێری لە ڕێی کەمکردنەوەی کالۆرییەوە."
وتیشی " هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو کاربۆنەی لە ئاوی گازداردا هەیە هەستکردن بە تێری زیاتر زیاد دەکات وەک لە شلەکانی تر، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی هەڵکشانی گەدەوە."
وتیشی زۆربەی کات خەڵک حەز بە ئاوسان ناکەن، بەڵام ئەو هەستە تێرییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بڕێکی کەمتر بخۆن یان خۆیان لە خواردنی ناپێویست بەدوور بگرن.
دۆنیلان وتیشی " زۆربەی خەڵک دوای خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان گەدەیان زیاتر هەڵدەکشێت، بۆیە پێم وایە ئەو بیرۆکەیەی کە دەتوانێت هەستکردن بە تێری زیاد بکات بەبێ زیادکردنی کالۆری دروستە."
دەشڵێت هەموو توێژینەوەکان پشتگیری ئەو بیرۆکەیە ناکەن کە ئاوی گازدار بۆ دابەزاندنی کێش سوودبەخشە. هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە خواردنەوەی ئاوی گازدار ئاستی هۆرمۆنی گریلین لە لەشدا بەرز دەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستکردن بە برسێتی " هەرچەندە گرنگی ئەمە ڕوون نییە."
گەدە هۆرمۆنی گریلین دەردەدات بۆ ئەوەی ئاماژە بە مێشک بدات کە بەتاڵە. ڕێژەی گریلین لە کاتی نانخواردندا بەرز دەبێتەوە و کاتێک گەدە پڕ دەبێت کەم دەبێتەوە.
توێژینەوەیەک کە جرجی تاقیگە و 20 مرۆڤی لەخۆگرتبوو گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە خواردنەوە گازییەکان هۆرمۆنەکە زیاد دەکەن. ئەو کەسانەی خواردنەوەی گازیی شیرین نەکراو یان دەستکرد دەخۆنەوە، ڕێژەی گریلینیان لە خوێن سێ ئەوەندە بووە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی ئاوی گازییان خواردووەتەوە.
دۆنیلان دەڵێت " لە بواری خۆراکدا، ئێمە هەرگیز ناتوانین بە تەنها سەیری خواردنێک بکەین و بڕیار لەسەر ئەوە بدەین کە باشە یان خراپ. دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە لەجیاتی ئەوە چی دەخۆیت."
" خواردنەوەی ئاوی گازدار ڕێگەیەکی زۆر واقیعییە بۆ یارمەتیدان لە ئامانجەکانی دابەزاندنی کێشدا، بەتایبەتی ئەگەر ئەم خواردنەوانە جێگەی خواردنەوە شیرینکراوەکانی شەکری وەک سۆدا و شەربەت و خواردنەوە وەرزشییەکان بگرنەوە."
خواردنەوەی هەر جۆرە ئاوێک لەگەڵ خۆراکدا دەکرێت یارمەتیت بدات کەمتر بخۆیت.
ڕێبێکا بیودۆین لە ناوەندی نیبراسکا مێدیسین کە بەشدار نەبووە لە توێژینەوەکەدا دەڵێت " خواردنەوەی شلەمەنی لەگەڵ ژەمەکان بۆ یارمەتیدان لە کۆنتڕۆڵکردنی بەشەکان لەوانەیە ئامانجێکی بچووک بێت کە مرۆڤ لە گەشتەکەیدا بۆ کێشێکی تەندروستتر دایدەنێت."
دەڵێت لەوانەیە ئاوی گازدار بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش نەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە نایانەوێت هەست بە ئاوسان بکەن، لەو حاڵەتەدا ئاوی ئاسایی هەڵدەبژێرن.
بۆ ئەو کەسانەی کە چێژ لە ئاوی گازدار وەردەگرن، بیودۆین پێشنیاری ئەوە دەکات لەگەڵ چەند ستراتیجییەکی تردا دایبنێن کە یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدەن، وەک کەمکردنەوەی کالۆری گشتی، زیادکردنی چالاکی جەستەیی و زیادکردنی میوە و سەوزە و ڕیشاڵ و خۆراکی پڕ لە ماددە خۆراکییەکان بۆ خۆراکی ڕۆژانەتان.
وتی " من زۆر جار بەبیری نەخۆشەکان دەهێنمەوە کە شێوازی گشتی خۆراک و شێوازی ژیانیان، نەک یەک شتی دیاریکراو، زۆرترین کاریگەری لەسەر تەندروستیمان دەبێت."
سەرچاوە/تەندروستی ڕۆژانە