Accessibility links

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە خانەیەکی خانەنشینکراوان لە ئیسپانیا 5 کەس گیانیان لەدەستدا


تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە خانەیەکی خانەنشینکراون پێنج دانیشتووی خانەکە گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە لە تویتەر بڵاویکردەوە ئاگرەکە لە نیوەشەودا کەوتۆتەوە و دوو کاتژمێری ویستووە تاوەکو کۆنتڕۆڵ کراوە.

نزیکەی 70 دانیشتووی خانەکە لە مۆنکادای باکووری ڤالێنسیا لە خانەکە گواستراونەتەوە. خانەکە ژووری بۆ 100 کەس تێدایە.

تیمەکانی فریاکەوتن وتیان یانزە کەس بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵێکی زۆرەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش لەلایەن پۆلیس و بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

ڕاوێژکاری شارۆچکەکە و ئەندامی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە مارتن پێرێز ئاراندا بە کەناڵی 24H ی وت " بەپێی ئەوەی پێیان وتووم، بەڵگە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ دوو ئەگەر دەکەن: شۆرتی کارەبا کە ئەگەری هەیە پەیوەندی بە بوتڵێکی ئۆکسجینەوە بووبێت یاخود جگەرە کێشانی کەسێک لە خانەکەدا."

وتیشی زۆرینەی دانیشتوانی شوێنە سوتاوەکەی خانەکە گواستراونەتەوە بۆ شوێنی یەدەگی خانەکە و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ خانەکانی دیکە لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG