ئەو وڵاتانەی دەریای ناوەند کە لەسەر ڕێگە سەرەکییەکانی کۆچبەرانن بۆ ئەوروپا پێشبینی دەکەن لەم ساڵدا زیاتر لە 150,000 کۆچبەر بگەنە وڵاتەکانیان، ئەمەش لەکاتێکدایە کەمبوونەوەی خۆراک کە بەهۆی جەنگەکەی ئۆکرانیاوە دروست بووە هەڕەشەی کەوتنەوەی شەپۆلێکی دیکەی کۆچبەران دەکات لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا.
وەزیری ناوخۆی قوبرس نیکۆس نوریس ڕۆژی شەممە دوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی ناوخۆی گروپی مێد5 لە ڤینیس وتی " وەکو چۆن لەنێوان خۆماندا باسمان کردووە، پێشبینی دەکەین لەم ساڵدا وڵاتانی بەرەی پێشەوە زیاتر لە 150,000 کۆچبەر وەربگرن."
بەپێی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم ساڵدا تاوەکو ئێستا نزیکەی 36,400 پەنابەر و کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیسپانیا و یۆنان و قوبرس و ماڵتا، لە ساڵی 2021 دا 123,318 کۆچبەر و پەنابەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتانە.
بەڵام بە گشتی ژمارەی کۆچبەران زۆر کەمترن بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2015 دا، لەو ساڵەدا زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەر گەیشتنە ئەو پێنج وڵاتە کە لە دەست هەژاری و جەنگەوە لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵاتبوون.
،
بەرپرسی هەماهەنگییەکانی قەیرانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمین ئەواد وتی کەمبوونەوەی گەنم و دانەوێڵە ڕەنگە کاربکاتە سەر 1.4 ملیار کەس، وتیشی پێویستە گفتوگۆی زیاتر بکرێت بۆ کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکرانیا و خۆبەدوورگرتن لە کەوتنەوەی برسێتی و کۆچی بە کۆمەڵ لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە نزیکەی سێیەکی پێداویستییەکانی گەنمی جیهان دابین دەکەن، هاوکات ڕووسیا سەرچاوەی سەرەکی هەناردەکردنی پەینە و ئۆکرانیاش سەرچاوەی سەرەکی زەیتی گڵۆبەڕۆژە و گەنمەشامییە.
وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا لوسیانا لامۆرگێسی بە کەناڵی سکای تی جی 24 ی وت " ئەگەر ڕێگە نەدرێت گەنمەکەی بەندەرەکانی دەریای ڕەش هەناردە بکرێن ئەوا دەبێت پێشبینی شەپۆلێکی نوێی گەورەی کۆچبەران بکەین. ئێمە نیگەرانین، هەموو وڵاتانی بەرەی پێشەوە نیگەرانن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز