Accessibility links

کوژرانی دوو کەس لە پێکدادانەکانی باشووری بەیروتدا


دەزگای هەواڵی ڕاگەیاندنی نیشتیمانی و سەرچاوەیەکی ئاسایش ئاماژەیان بەوەدا لە پێکدادانەکانی باشووری بەیروتی پایتەختی لوبناندا دوو کەس کوژراون و لانی کەم سێ کەسی تر برینداربوون، بەهۆی ئەوەشەوە سوپا لە ناوچەکەدا بڵاوکراوەتەوە و حیزبە سیاسییەکان داوای دان بەخۆداگرتن دەکەن.

سوپای لوبنان وتی چەند یەکەیەکی لە ناوچەی خەلدە بڵاوکردۆتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشەکە و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە. وتیشی یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی دەوروبەر بڵاوکردۆتەوە بۆ کردنەوەی ئەو ڕێگایانەی پێشتر داخرابوون.

سوپا و سەرچاوەیەکی ئاسایش وتیان تەقەکردن لە ناوچەکەدا ڕوویداوە. ئەوەشیان خستەڕوو شەڕەکە بەهۆی ناکۆکییەکەوە بووە لەسەر ئاڵای ئاهەنگگێڕانی شیعەکان بەبۆنەی ڕۆژی عاشووراوە لە ناوچەیەکدا کە دانیشتوانی شیعە و سوننەی تێدا دەژین. سوپای لوبنانیش لە تویتەر وتی شەڕەکە بەهۆی ئاڵاوە بووە.

لە بەیاننامەکەی سوپادا هاتووە دەڵێت " شەڕێک لە ناوچەی خەلدە ڕوویداوە، لەنێوان عەرەبەکانی خەلدە و ژمارەیەک لە دانیشتوانی ناوچەکە و شەڕەکە بەهۆی ئەوەوە بووە کام ئاڵایە گونجاوترە بۆ عاشوورا، دوای ئەوە بە ئاڕ بی جی و چەکی دیکە تەقەکراوە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون و کۆمەڵێکی دیکە برینداربوون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG