Accessibility links

ئەفریکای باشوور داکۆکی لە پلانی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی دەکات لەگەڵ چین و ڕووسیادا


وەزیری دەرەوەی ئەفریکای باشوور نالێدی پاندۆر و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ئەفریکای باشوور نالێدی پاندۆر و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

وەزیری دەرەوەی ئەفریکای باشوور وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە لەسەر پلانی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ ڕووسیا و چیندا و وتی میوانداریکردنی ئەو جۆرە مەشقانە لەگەڵ " دۆستاندا ئاڕاستەی سروشتیی پەیوەندییەکانە."

وەزیری دەرەوەی ئەفریکای باشوور نالێدی پاندۆر لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤدا ئەم لێدوانەیدا، لاڤرۆڤ دوای یانزە مانگ لە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بۆ یەکەمین جار سەردانی ئەفریکای باشووری کرد.

بەرپرسێکی ئەفریکای باشوور کە ڕەتی کردەوە ناوی ئاشکرا بکرێت چونکە ڕێگە پێدراو نەبووە لێدوان بدات، وتی دواتر لاڤرۆڤ سەردانی ئیسواتینی و بۆتسوانا و ئەنگۆلا دەکات.

ئەفریکای باشوور یەکێکە لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ڕووسیا لە کیشوەری ئەفریکادا، لە کاتێکدا کە وڵاتانی کیشوەرەکە دابەش بوون سەبارەت بە داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا و هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ پەراوێزخستنی مۆسکۆ بەهۆی کارە سەربازییەکانییەوە.

هەندێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەفریکای باشوور و کۆمەڵگە بچووکە ئۆکرانییەکەی ناو ئەو وڵاتە دەڵێن میوانداریکردنی لاڤرۆڤ بێ هەستییە.

ئەفریکای باشوور دەڵێت بێلایەنە لەسەر جەنگەکەی ئۆکرانیا و خۆی بە دوورگرتووە لە دەنگدان لەسەر بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر جەنگەکە.

ئەفریکای باشوور پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە و لە 17 ی مانگی دووەوە تاوەکو 27 ی هەمان مانگ میوانداری مەشقێکی سەربازیی هاوبەش دەکات لەگەڵ چین و ڕووسیادا.

پاندۆر لە تەنیشت لاڤرۆڤدا لە پریتۆریای پایتەخت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرجەم وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا مەشقی سەربازیی لەگەڵ وڵاتانی دۆستیاندا دەکەن. ئەوە ئاڕاستەیەکی سروشتیی پەیوەندییەکانە."

حکومەتەکەی سەرۆکی ئەفریکای باشوور سیریڵ ڕامافۆسا ئارەزووی خۆی دەربڕیوە بۆ نێوەندگریکردن لە ململانێکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا و کارکردن وەکو پارتێکی بێلایەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG