دەزگای هەواڵی تاس بڵاویکردەوە لە مانگی دوودا کەشتییەکی جەنگی ڕووسیایی کە موشەکی نەوەی نوێی دەنگبڕی لەسەرە بەشداری لە مەشقێکی هاوبەشدا دەکات لەگەڵ هێزی دەریایی چین و هێزی دەریایی ئەفریکای باشووردا.
ئەمە یەکەمین جارە بە فەڕمی باس لە بەشداریکردنی کەشتی جەنگی " ئەدمیڕاڵی کەشتیگەلی گۆرشکۆڤی یەکێتی سۆڤیەت " دەکرێت کە موشەکی زیکرۆنی دەنگبڕی لەسەرە.
ڕووسیا دەڵێت موشەکەکان نۆ هێندە لە خێرایی دەنگ خێراترن، مەوداکەشیان دەگاتە زیاتر لە 1000 کم.
تاس لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوی بەرگرییەوە بڵاویکردەوە " ئەدمیڕاڵ گۆرشکۆڤ دەچێت بۆ خاڵی پشتیوانی لۆجیستیکی لە تەرتوسی سوریا، دواتر بەشداری لە مەشقێکی دەریاییدا دەکات لەگەڵ هێزی دەریایی چین و ئەفریکای باشووردا."
ڕۆژی پێنجشەممە هێزی بەرگری نیشتیمانی ئەفریکای باشوور وتی مەشقەکان لە 17 ی مانگی دووەوە دەستپێدەکەن و تاوەکو 27 ی مانگی دوو بەردەوام دەبن، مەشقەکانیش لە نزیک بەندەری شاری دوربان و ڕیچاردس ئەنجام دەدرێن و مەبەست لێیان " پتەوترکردنی پەیوەندییە باشەکانی نێوان ئەفریکای باشوور و ڕووسیا و چینە."
هێزە بەرگرییەکەی ئەفریکای باشوور وتی مەشقەکان دووەمین مەشقی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە دەبن لە ئەفریکای باشوور، دوایین جار لە ساڵی 2019 دا بوو.
لەم مانگەدا کەشتی ئەدمیڕاڵ گۆرشکۆڤ لە دەریای نەرویجدا مەشقێکی ئەنجامدا، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کەشتییەکەی ڕەوانەی زەریای ئەتڵەسی کرد.
ڕووسیا پێی وایە موشەکە دەنگبڕەکانی دەتوانن سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە پێشکەوتووەکانی ئەمەریکا ببڕن.
ئەمەریکا و چین و ڕووسیا لە کێبڕکێدان بۆ پەرەدان بە موشەکە دەنگبڕەکان، کە بەهۆی خێراییەکەیانەوە دەتوانن بەسەر دوژمندا زاڵ ببن، هەروەها بینینی موشەکەکان و بەرپەرچدانەوەیان کارێکی قورسە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
کەشتییەکی جەنگی ڕووسیایی بەشداری لە مەشقە هاوبەشەکان لەگەڵ چین و ئەفریکای باشووردا دەکات
