Accessibility links

پەرلەمانی ئەفریکای باشور سەرۆکێکی نوێ بۆ وڵاتەکەی دەسـتنیشانکرد


پەرلەمانی ئەفریکای باشور ئەمڕۆ پـێنجشەممە سیریل ڕامافۆسا سەرۆکی پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریکایی دەسەڵاتداری بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان دەستنیشانکرد، ئەمەش پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو جەیکب زوما وەک سەرۆکی وڵاتەکە دەستی لەکارکێشایەوە.

سیریل ڕامافۆسای تەمەن 65 ساڵ تاکە کاندیدبوو، بۆیە بەبێ ئەوەی پـرۆسەیەکی دەنگدانی بۆ سازبکرێت بە سەرۆک دەستنیشان کرا.

هەر لە هۆڵی پەرلەمان "مۆگۆینگ مۆگۆینگ" سەرۆکی دادگای دەستوری بە فەرمی ڕایگەیاند سیریل ڕامافۆسا سەرۆکی نوێی وڵاتەکەیە.

شەوی ڕابردوو جەیکب زوما ملکەچی داواکانی پارتەکەی "پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریکایی" بوو و لە وتارێکدا دەسـتبەرداربوونی خۆی لە پـۆستەکەی ڕاگەیاند و گوتی " بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی خۆم دا لە پـۆستی سەرۆک کۆمار، هەرچەندە لەگەڵ سەرکردایەتی پارتەکەم هاوڕا نیم."

جەیکب زوما
جەیکب زوما

زوما لە ماوەی حوکمڕانیـیەکەی کە 9 ساڵ درێژەی کێشا، ڕەخنەی زۆری لێگیرا لەسەر گەندەڵی. بۆیە سەرۆکی نوێ لە بەردەم پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی بەڵێنی دا گەندەڵی ڕیشەکێشبکات و بە هەموو توانایەکی کاربکات تاوەکو خەڵکی وڵاتەکەی نائومێد نەکات.

دەزگای نێلسۆن ماندێلا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند" کۆتایی بە سەردەمێک هات کە تیایدا لادان لە کاری بەرزترین پـۆستی وڵاتەکەدا کرا بە مەبەستی بەتاڵانبردنی خەزێنەی دەوڵەت."

XS
SM
MD
LG