Accessibility links

ئەفریقای باشوور ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا توند دەکاتەوە


دوای ئەوەی ڕێژەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا زیادیکرد، ئەفریقای باشوور کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توندی گرتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دووبارە بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەوانەش قەدەغەکردنی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان و درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانە.

سەرۆکی ئەفریقای باشوور سیریل ڕامافۆسا لەمیانەی ڕاگەیاندنی دووبارە سەپاندنەوەی ڕێوشوێنە توندەکاندا وتی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە کە سەرەتا لە هیندستانەوە سەریهەڵدا، وادەردەکەوێت هۆکاری دووبارە زیادبوونەوەی حاڵەتەکانی توشبوون بێت.

وتیشی " شەپۆلی سێیەم هێز و پتەویی خۆی کۆدەکاتەوە "، ئاماژەشی بەوەدا سەرجەم گردبوونەوە گشتیەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە قەدەغە دەکرێن جگە لە پرسەکان نەبێت کە ئەوەش نابێت لە 50 کەس زیاتر ئامادەی بن.

ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە 15,000 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا تۆمارکرا، هەروەها 122 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراون، بەوەش کۆی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەرزبۆوە بۆ نزیکەی 60,000 حاڵەت.

هەرێمی گواتینگ کە زۆرترین دانیشتووی تێدایە و گەورەترین شاری ئەفریقای باشوور جۆهانسبێرگ و پریتۆریای پایتەخت لەخۆدەگرێت، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، نزیکەی لە سەدا 66 ی حاڵەتە نوێیەکانی توشبوون لەو هەرێمەدا تۆمارکراون. هەروەها نەخۆشخانەکانی هەرێمەکە پڕبوون و نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێمەکانی دیکە دەکرێن.

کاربەدەستانی تەندروستی وڵاتەکە نیگەرانن لەوەی هەشت هەرێمەکەی دیکەی وڵاتەکە پێدەچێت بەمزووانە هاوشێوەی گواتینگیان لێبێت و حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تیایاندا زیاد بکات.

هەڵمەتی کوتان لە ئەفریقای باشوور بە خاوی بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە 2.7 ملیۆن کەس لانی کەم یەکەم بەشە ڤاکسینیان وەرگرتووە، سەرۆکی وڵاتەکە وتی 950,000 کارمەندی تەندروستی لە کۆی 1.25 ملیۆن کارمەند ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG