بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەرێمی گاوتینگی ئافریکای باشوور ڕایگەیاند 19 حاڵەتی نوێی توشبوون بە پەتای کۆلێرا و 10 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە تۆمارکراون.
ئافریکای باشوور لە مانگی دوودا یەکهەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی پەتای کۆلێراوە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتی مالاوییەوە بۆ ئافریکای باشوور گواسترابۆوە.
تاوەکو ئێستا ڕوون نییە چەند حاڵەتی کۆلێرا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا تۆمارکراون، بەڵام هەرێمی گاوتینگ کە زۆرترین دانیشتووی تێدایە و هەریەک لە شارەکانی جۆهانسبێرگ و پرتۆریا دەگرێتە خۆی، زۆرترین حاڵەتی تێدا بووە.
کۆلێرا دەبێتە هۆی سکچوون و ڕشانەوە و لاوازی و بە شێوەیەکی سەرەکی لە پیسبوونی ئاو یاخود خۆراکەوە کەسەکە توشی دەبێت، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەکرێت توشبووەکە گیان لە دەست بدات.
دوایین جار پەتای کۆلێرا لە ساڵی 2008 و 2009 دا لە ئافیکای باشوور بڵاوبۆوە، لەو کاتەدا نزیکەی 12,000 حاڵەتی توشبوون تۆمارکران، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکەوە لە زیمبابوێی دراوسێی ئافریکای باشوور کە بووە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون و بڵاوبوونەوەی بە ناو خەڵکەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز