Accessibility links

هەندێک لە ئەندامانی پۆلیسی لەندەن چەکەکانیان دادەنێن


هەندێک لە ئەندامانی هێزەکانی پۆلیسی لەندەن ڕەتی دەکەنەوە چەکەکانییان هەڵبگرن، ئەوەش دوای ئەوەی هاوەڵێکییان بە تاوانی کوشتن تۆمەتبارکراوە، دوای ئەوەی تەقەی لە پیاوێکی ڕەشپێست کردبوو، لە کاتێکدا کە پیاوەکە چەکدار نەبووە.

ئەو جۆرە تاوانانە دژی ئەفسەرێکی پۆلیس شتێکی زۆر دەگمەنە لە بەڕیتانیادا.

ڕۆژنامەی تێلیگراف بڵاویکردەوە زیاتر لە 300 ئەفسەری پۆلیس کە نزیکەی لە سەدا 10 ی هێزە چەکدارەکانی پۆلیس دەکات، دوای تۆمەتبارکردنی هاوەڵەکەیان ڕەتییان کردووەتەوە چەکەکانییان هەڵبگرن.

هەنگاوەکەی ئەفسەرەکان دەزگای گشتی پۆلیسی ناچار کرد داوا لە وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا بکات یارمەتی بدات لە کارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. وەزارەتەکە سەرباز دەداتە لەندەن کە کاری دیاریکراوییان دەبێت، نەک کاری ئاسایی پۆلیس.

لە کۆی 10 ئەفسەری پۆلیس لە لەندەن تەنها یەک ئەفسەرییان چەک هەڵدەگرێت، ئەوەش دوای مەشقێکی چڕ.

کریس کابای تەمەن 23 ساڵ ئەو پیاوە ڕەشپێستە بوو کە ساڵی ڕابردوو لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ پۆلیس کوژرا، پیاوەکە لەو کاتەدا کە کوژرا چەکی پێنەبووە. دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت کابا لە کاتێکدا کە لە ئوتومبێلەکەیدا بووە بە فیشەکێک کوژراوە.

تاوەکو ئێستا ئەو ئەفسەرەی کە بە تاوانی کوشتنی کابا تۆمەتبار کراوە ناوی ئاشکرا نەکراوە. پێشبینی دەکرێت دادگاییکردنەکەی ساڵی داهاتوو دەستپێبکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG