Accessibility links

لە هێرشێکدا لە ڕێستۆرانتێکی پایتەختی سۆماڵ نۆ کەس کوژراون


پۆلیسی سۆماڵ دەڵێت لە هێرشێکی گروپی چەکداری ئیسلامی ئەل شەبابدا لە ڕێستۆرانتێک لە مەقەدیشۆی پایتەخت نۆ کەس کوژراون.

پۆلیس وتی ئەوانەی لە ڕێستۆرانتی بەناوبانگی پییڕڵدا کوژراون شەش هاوڵاتی مەدەنی و سێ سەرباز بوون. بەڕێوبەری خزمەتگوزاری خێرای ئامین، عەبدیقادر عەبدیڕەحمان وتی 20 بریندارییان لە شوێنی ڕووداوەکە هێناوەتە دەرەوە.

پۆلیس وتیشی هێزەکانی ئاسایش 84 هاوڵاتی مەدەنییان ڕزگار کردووە و چارەنووسی هێرشبەرەکانیش دیار نیە.

دەزگای هەواڵی نیشتیمانی سۆماڵ وتی " هێزەکانی ئاسایش سەرکەوتووانە توانیویانە چەکدارەکانی ئەل شەباب لە ناوببەن کە بەرپرس بوون لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر هۆتێلی پییڕڵ بیچ لە کەناری لیدۆ لە مەقدیشۆ."

گروپی چەکداری ئەل شەبابی پەیوەست بە ئەل قاعیدەوە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.

گروپەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " جیهادییەکان توانییان بچنە ناو پیێڕڵەوە و هێشتا کۆنتڕۆڵی تەواو بە دەستییانەوەیە."

لە مانگی یانزەدا ئەل شەباب کە خاکێکی زۆریی سۆماڵی بە دەستەوەیە، هێرشێکی کردە سەر هۆتێلێکی دیکە و نۆ کەسییان کوشت.

ئەل شەباب کۆنتڕۆڵی خاکێکی بەرفراوانی سۆماڵییان کردبوو پێش ئەوەی حکومەتی سۆماڵ هێرشێکی پێچەوانە بکاتە سەرییان و دوورییان بخاتەوە. بەڵام چەکدارەکانی ئەل شەباب هێشتا لە توانایاندا هەیە هێرشی گەورە بکەنە سەر ئامانجە حکومیی و بازرگانی و سەربازییەکانی سۆماڵ.

لە مانگی پێنجی ڕابردوودا چەکدارەکانی ئەل شەباب هێرشییان کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی لە سۆماڵ کە هێزە ئاشتی پارێزەکانی ئۆگەندای تێدا بوو، لە هێرشەکەدا 54 سەربازییان کوشت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG