Accessibility links

بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان لە سینگاپوور لە سێدارە دەدرێت


سینگاپوور
سینگاپوور

کاربەدەستانی سینگاپوور ڕایانگەیاند ڕۆژی هەینی بازرگانێکی تاوانباری ماددە هۆشبەرەکانی لە وڵاتەکەیان لە سێدارە داوە، ئەمەش دووەمین لە سێدارەدانە لەم ساڵدا.

دەزگای ناوەندی ماددە هۆشبەرەکان وتی پیاوێکی تەمەن 45 ساڵی سینگاپووری لە زیندانی چانگی لە سێدارە دراوە، ئەوەش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە 36.93 گرام لە هێرۆیینەوە، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەی کە سزای مەرگی لەسەرە کە دەکاتە 15 گرام.

دەزگاکە دەڵێت ئەو کەسە لە مانگی دووی ساڵی 2019 دا تاوانبارکراوە و سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە، داواکانیشی بۆ پێداچوونەوە و سکاڵاکردن بۆ لێخۆشبوون ڕەتکراونەتەوە. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بە درێژایی پرۆسەکە بە تەواوی ڕێوشوێنە یاساییەکان گیرابوونەبەر و پارێزەری خۆی هەبووە.

بەپێی داتایەکی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس، لە مانگی سێی ساڵی 2022 ەوە کاتێک سینگاپوور سزای لە سێدارەدانی دەستپێکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە سێدارە دراون گەیشتووەتە 18 کەس.

پێشتر لە ماوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا سینگاپوور ئەو سزایەی بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕاگرتبوو.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕەخنەگران لە سزای مەرگ دەڵێن سزاکە هیچ کاریگەرییەکی جیاوازیی دروست نەکردووە و داوایان کردووە سزاکە ڕابگیرێت و چیتر کاری پێنەکرێت.

بەرپرسانی سینگاپووریش دەڵێن سزاکە یارمەتی وڵاتەکەی داوە ببێتە یەکێک لە پارێزراوترین وڵات لە ئاسیادا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG