Accessibility links

ژاپۆن: حەوت کەس لە کەشتیە ونبووەکەی ژاپۆن دۆزراونەتەوە


پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن وتی حەوت کەس لەو کەشتیە گەشتیارییەی ژاپۆن کە بە 26 سەرنشینەوە ونبوو، دۆزراونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە سێ کەسی دیکە دۆزرانەوە. بەڵام ڕوون نیە کە ئایا ئەو کەسانەی دۆزراونەتەوە لەژیاندا ماون یاخود نا.

بەرپرسێکی کەناراوەکانی ژاپۆن بە ڕۆیتەرزی وت بارودۆخی ئەو سێ کەسەی کە ڕۆژی یەکشەممە دۆزراونەتەوە ڕوون نیە، بەڵام دەزگای هەواڵی ئێن ئەیچ کەی وتی سێ کەسەکە بێهۆشن.

بەرپرسەکە وتیشی چوار کەسەکەی دیکە کە لە ماوەی ڕابردوودا دۆزرانەوە، بێهۆش بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن وتی لەو چوار کەسە سێ کەسییان لەلایەن کۆپتەرێکی پۆلیسەوە لەنزیک نیمچە دورگەی شیرێتۆکۆ دۆزراونەتەوە، ئەوی دیکەیان دوای نیو کاتژمێر لەلایەن فڕۆکەیەکی پاسەوانەکانەوە لە هەمان شوێندا دۆزراوەتەوە.

بەرپرسانی کەناراوەکانی ژاپۆن فڕۆکە و بەلەمی بچووک و حەوت کەشتیان بەکارهێناوە بۆ گەڕان بەدوای سەرنشینەکانی کەشتییەکەدا.

بەرپرسانی کەناراوەکانی ژاپۆن دەڵێن دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە دوایین جار بووە قسەیان لەگەڵ ستافی کەشتیەکەدا کردووە و لەو کاتەدا ئاو چووەتە کەشتییەکەوە، دەزگای هەواڵی کیۆدۆ وتی دوو کاتژمێر دواتر ستافی کەشتییەکە پەیوەندییان بە کۆمپانیاکەیەوە کردووە و پێیان وتووە کەشتیەکە لە نقومبووندایە.

کەشتییەکە 24 سەرنشین و دوو دەریاوانی پێبووە، دووان لە سەرنشینەکان منداڵ بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG