بەرپرسانی ئەفغانی ڕایانگەیاند لە هێرشێکی تاڵیباندا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە باکووری ئەفغانستان حەوت سەرباز کوژراون، ئەمەش دوای کوژرانی سەربازێکی ئەمەریکی لەسەر دەستی چەکدارانی تاڵیبان.
وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان ڕایگەیاند " تیرۆریستان " هێرشیان کردۆتە سەر بنکەیەکی سەربازی هاوبەش لە ناوچەی دەولەت ئاباد لە ویلایەتی بەلخ لەنزیک سنووری نێوان ئەفغانستان و ئۆزبەکستان.
وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا حەوت سەربازی ئەفغانی کوژراون و سێ سەربازی دیکە برینداربوون. هەروەها سێ کارمەندی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانی برینداربوون."
لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی لە هێرشەکەدا بیست سەرباز کوژراون و سەرکردەیەکیشیان تێدابووە. لە تویتەر نوسیویەتی " شەش سەرباز برینداربوون و چوار سەربازی دیکەمان بە دیل گرتووە و کۆنتڕۆڵی بنکە سەربازییەکەمان کردووە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس