Accessibility links

نیگەرانی موسوڵمانە ئەمەریکاییەکان لە پاش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر


هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر هێندە بێ بەزەیی و دڕندانەبوون، وەهایان کرد ڕق و کینە لە دڵی هەندێک کەس دروستبێت. بەشێک لە موسوڵمانان پێیان وایە چونکە ئەنجامدەرانی هێرشەکان هەڵگری ئاینی ئیسلام بوون بۆیە دیدی خەڵکی ئەمەریکایی بەرامبەریان گۆڕا.

ئەو دۆخەی لە پاش ئەو هێرشانە لە ئەمەریکا هاتە ئاراوە، زۆر ناجۆربوو، زۆربەی ئەمەریکایـیەکان لە هەموو ئاین و نەتەوە و ڕەنگێـکەوە لە نیگەرانیدابوون لەوەی تاوانی دیکەی تیرۆرستی لە ناو وڵاتەکە ڕووبداتەوە. بەشێکی زۆری موسڵمانانی ئەمەریکا، بە تایبەتی ئەوانەی بە جلوبەرگ و سەروسیمایانەوە دەربکەوتایە موسڵمانن، جگە لەوەی هەمان نیگەرانیـیان هەبوو، ترسی ئەوەشیان هەبوو لەلایەن کەسانێکەوە بکرێنە ئامانج.

دەزگا ئاسایشیـیەکان لەلایەک دەبوایە چاویان لەسەر هەر جموجۆڵێکی گوماناوی بێت و لەلایەکی دیکە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست بۆ ڕێگەگرتن لە ئازاردانی موسڵمانان کە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەن.

بەهار عەبدوڵا موسوڵمانێکی کوردی ئەمەریکاییە لە دەمی هێرشە تیرۆرستییەکانی 11 ی سێپتەمبەری 2001 تەمەنی 25 ساڵان بوو بەیانیان کاری دەکرد و ئێوارانیش لە زانکۆ دەیخوێند. ئەو دەڵێت لەو ڕۆژەدا بۆ یەکەم جار وشەی تیرۆرزمی بیست " لە باخچەیەکی ساوایان کارم دەکرد دووهەم ڕۆژی کارکردنم بوو، سەرەتا شلەژان دروست بوو چونکە کەس نەیدەزانی ڕووداوەکە چییە، مامۆستاکانی باخچەکە بە گریانەوە تەماشای دیمەنەکانیان لە شاشەکانی تەلەفیزیۆنەکانەوە دەکرد. لەو ڕۆژەدا بۆ یەکەم جار گوێم لە وشەی تیرۆرزم بوو."

لەو ڕۆژەدا 2،977 کەس کوژران لەگەڵ هەر 19 فڕۆکە ڕفێنەرەکانی ئەلقاعیدە.

20 ساڵ پاش ڕووداوەکە خاتوو بەهار دەڵێت وەکو موسوڵمانێکی ئەمەریکایی نیگەرانیەکانی دوو هێندی ئەوانی تر بوو " ڕوداوەکە بە شێوەیەکی گشتی ترسی لە دڵی هەمو ئەمەریکاییەک دروست کردبوو چونکە بە ڕاستی نەتدەزانی چی تر ڕوودەدات، بەڵام بۆ منێکی موسوڵمانی باڵاپۆش ترسەکە زیاتر بوو لەبەر ئەوەی هەستم بە پارێزراوی نەدەکرد بەهۆی فەرق و جیاوازی و گۆڕینی ڕوانینی خەڵک لەسەر ئاینەکەم."

لە میانەی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بەهار عەبدوڵای دانیشتوی شاری ناشڤێڵ لە ویلایەتی تێنسی گوتیشی هەرچەندە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کەس سوکایەتی پێ نەکردووە بەڵام تەنها دوو ڕۆژ پاش ڕووداوەکان لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە کە خۆی هەست دەکات بەهۆی لەچکەکەیەوە لە کارەکەی دەرکراوە و دەشڵێت " لە پاش ڕووداوەکان لە زانکۆ بە بەردەوامی ئەم جۆرە پرسیارانەم لێدەکرا خەڵکی کوێم؟ وڵاتەکەم چەندێک لە ئەفغانستانەوە دوورە؟ بۆچی ئافرەت دەبێت باڵاپۆش بێت؟ بۆچی ئیسلام ڕقی لە ئەمەریکایە؟ ئیسلامی توندڕەو کێیە؟ هتد..."

بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 800 دۆسێی توندوتیژی و هەڕەشەی پەیوەست بە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر لە ئەمەریکا دژ بە عەرەبی ئەمەریکایی، مسوڵمانان، سیکەکان و ئەو کەسانەی ڕوخساریان لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت تۆمار کراوە.

دکتۆر محەمەد حەسەن، سەرۆکی سەنتەری ئیسلامی پرنس ویلەیم
دکتۆر محەمەد حەسەن، سەرۆکی سەنتەری ئیسلامی پرنس ویلەیم

دکتۆر محەمەد حەسەن پرۆفیسۆری خانەنشین و سەرۆکی سەنتەری ئیسلامی پرسن ویلەیم لە ڤێرجینیا لە چاوەپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی " لە پاش هێرشەکان زۆرێک لە موسوڵمانەکان، بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە باڵاپۆش بوون دەهاتنەلام و لێیان دەپرسیم ' ئایا دەتوانین لە ئێستادا حیجابەکانمان لادەین چونکە خەڵک بە جۆرێکی جیاواز لێمان دەڕوانن، کاتێک لە شەقامەکان هاتوچۆ دەکەین هەست دەکەین پارێزراونین.' منیش دەمگوت بەڵێ دەتوانن کاتێک هەست بکەیت بەهۆی سەرپۆشینتەوە ژیانت دەکەوێتە مەترسییەوە دەتوانی لایبدەیت."

کاربەدەستانی سەپاندنی یاسا لەو کاتەو لە ساڵانی پاش ئەوەش بەردەوام لەگەڵ ڕێبەرانی کۆمەڵگەی موسوڵمانانی ئەمەریکا کاریان دەکرد تا ڕێگری بکەن لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی لەسەر بنەمای ڕق و کینە بێت. کاربەدەستانی ئەمەریکاش بەردەوام لە وتارەکانیاندا جەختیان لەوە دەکردەوە کە شەڕی ئەمەریکا لە دژی ئیسلام نییە بەڵکو بە ئاینێکی ئاشتی ناودێریان دەکرد و دەیانگوت شەڕی ئەمەریکا تەنها لە دژی تیرۆرزمە.

ئاراس عومەر لە دەمی ڕووداوەکانی 11 ی سێپتەمبەر لە ویلایەتی پێنسلڤانیا دەژیا ئەو کاتە لە دواناوەندی بوو دەڵێت ڕۆژی ڕووداوەکەی هەرگیز لە یاد ناچێت ڕۆژێکی زۆر ناخۆش و پڕ ترس و دڵەڕاوكێ بوو. وەکو هەمو موسوڵمانەکانی تر ئەویش دەڵێت هەر کە زانی هێرشبەرەکان موسوڵمانن زیاتر نیگەران بوو " من زۆر دەترسام لەوەی ئاخۆ ڕووداوەکە چ جۆرە کاریگەرییەکی بۆسەر ژیانم دەبێت وەکو موسوڵمانێک؟ لەوە دەترسام هاوڕێکانم بۆچوونیان لەسەرم بگۆڕێت، دایک و باوکیشم هەمان نیگەرانیان هەبوو ترسیان لە سەلامەتی ئێمە هەبوو تەنانەت چەند ڕۆژێک ڕێگەیان پێ نەداین بچینەوە بۆ قوتابخانە."

بێگومان کاربەدەستانی سەپاندنی یاسا بەردوام بوون لەکارەکانیان بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگەی موسوڵمانان لە ئەمەریکا کە ژیانیان پارێزراو دەبێت ئاراس دەشڵێت " چەند ڕۆژێک پاش ڕووداوەکە کارمەندەکانی FBI ( بیرۆی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی) هاتن بۆ ماڵمان چەند پرسیارێکیان لێکردین و دڵنیایان کردینەوە کە ئەوان بۆ هاوکاری و پاراستنی ئێمە لەوێن و کارتی خۆیان پێداین و گوتیان ئەگەر هەستمان بە هەر ترس و هەڕەشەیەک کرد دەستبەجێ پەیوەندییان پێوە بکەین." ئاراس دەڵێت ئەو ترسە تەنها ماوەیەکی کەم بوو پاش ئەوە چیتر هەستی بە ترسێکی لەو جۆرە نەکردووەتەوە.

ئەرشیف- ژنێکی گەنجی باڵاپۆش لە نێوەندی ئاڵای ئەمەریکا کە لەلایەن خوێندکاران و ستافی زانکۆی پێپریداین دانراوە بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیانی هێرشەکانی 11ی سپتەمبەری 2001. کالیفۆرنیا 10ی نۆی 2016
ئەرشیف- ژنێکی گەنجی باڵاپۆش لە نێوەندی ئاڵای ئەمەریکا کە لەلایەن خوێندکاران و ستافی زانکۆی پێپریداین دانراوە بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیانی هێرشەکانی 11ی سپتەمبەری 2001. کالیفۆرنیا 10ی نۆی 2016

هەندێک لە موسوڵمانانی وەکو فیفی ئیبراهیمیش پێیان وایە بەشێک لە ترسەکە پەیوەندی بە خودی موسوڵمانەکانیشەوە هەبووە نەک کەسانی دەوروبەریان. فیفی لە دەمی ڕووداوەکە لە شاری ئێری پێنسلڤانیا بوو و خوێندکاری زانکۆ بوو ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " منیش هەستم بە ترس دەکرد بەڵام ئێستا کە بیری لێ دەکەمەوە دەوروبەرەکەم نەگۆڕابوون تەنها باسی ڕووداوەکەیان دەکرد کە شتێکی زۆر ئاساییە، ڕووداوێک ڕوویدابوو هەزاران کەس تیایدا بوون بە قوربانی بێگومان بۆ ماوەیەکی زۆر باس باسی ئەو بابەتە بوو لە نێو خەڵکیدا مشتومڕی لەسەر دەکرا هەرکەسەو بۆچونی جیاوازی هەبوو. هەست دەکەم چونکە موسوڵمان بووم و لەو کاتەدا باڵاپۆش بووم بێ ئەوەی کەسێک شتێکم پێبڵێت من خۆم ئەو هەستەم لا دروست بوو."

خاتوو فیفی کە ئەمەریکاییەکی بە ڕەچەڵەک سۆماڵییە گوتیشی" ئەگەر بەراوردی ئەو کەسانە بەکەین کە تێگەیشتنیان بۆ موسوڵمان هەبوو و تیرۆرستان و موسوڵمانیان لێک جیادەکردەوە بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆر کەمی کە ڕقیان لە ئیسلام بوو، ئەوا بێگومان کەسە تێگەیشتووەکان زۆر زیاتر بوون. من خۆم چەند هاوڕێی کرستیانم هەبوو تا ئێشتاش هاوڕێمن و هەرگیز لەسەر بنەمای ئاینەکەم فەرقو جیاوازیان دژم نەکردووە. هاوسەرەکەم کە ئەمەریکاییەکی سپی پێستە پاش ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر بە من ئاشنا بوو نزیکەی 18 ساڵە هاوسەرگیریمان کردووە و سێ منداڵمان هەیە هەگیز هەستم بەوە نەکردووە بنەماڵەکەی یان هاوڕێکانی بەهۆی ئاینەکەمەوە ڕقیان لێم بێت."

گێری مەلەندی سەربازی دێرینی ئەمەریکا
گێری مەلەندی سەربازی دێرینی ئەمەریکا

گێری مەلەندی کە سەربازێکی دێرینی ئەمەریکاییە و بۆ 12 ساڵ لە ئەفغانستان و عێراقیش خزمەتی کردووە. ئەو کەسێکە کە پێش هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەریش زانیاری لەسەر ئیسلام هەبووە گێری لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " بۆچوونم هەرگیز لەسەر موسوڵمان نەگۆڕا، تەنانەت کاتێکیش کە چووم بۆ شەڕ و چەندین موسوڵمانیش هەوڵی کوشتنیاندام. من خەڵکی ئەوێ نەبووم، ئەوان منیان نەدەناسی منیش ئەوانم نەدەناسی تەنها مەبەست ئەوەبوو کە ئەمەریکایی بووم. ڕاستە بۆچوونم نەگۆڕا بەڵام بێگومان کاتێک لە دەوروبەری موسوڵمانەکان بووم زیاتر ئاگاداری خۆم بووم. وابیرناکەمەوە کە هەموو موسوڵمانێک کەسێکی خراپبێت. لەو بڕوایەدام خەڵکی هەمو پێکهاتەو ئاینێک کەسانی توندڕەوی تێدایە کە نێوی پێکهاتەکەی یان ئاینەکەی خراپدەکات."

ئاینی ئیسلام سیهەم گەورەترین ئاینە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پاش کرستیان و جوو. بە پێی ئاماری فەرمی کە لە ساڵی 2017 بڵاو کراوەتەوە نزیکەی 3 ملیۆن و 450 هەزار موسوڵمان لە ئەمەریکا دەژین کە دەکاتە %1.1 ی دانیشتوانی ئەمەریکا.

20 ساڵ پاش ئەو ڕووداوانەی 11 سپتەمبەر ئایا ئەو نەوەیەی کە لە پاش ڕووداوەکان لە دایک بوون چۆن لەو ڕووداوانە دەڕوانن؟

لێکۆلەرانیش پێیان وایە بیرەوەرییەکان بۆ گروپە جیاجیاکانی کۆمەڵگە جیاوازن.

لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2016دا، لێکۆڵەران هاوەرد شومن و ئێمی کۆرنینگ لەگەڵ زانکۆی مشیگەن لە پەیمانگای ئاربۆر بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، زانیارییەکانی ڕاپرسییەکانی چەند ساڵەی جەنگی ڤێتنامیان لەگەڵ ئەو پێشبینیانەدا بەراورد کرد کە نەوەی نوێی ئەمەریکا ڕەنگە چۆن بیر لە ڕووداوەکانی 11 ی سێپتەمبەر بکەنەوە.

توێژینەوەکەیان تیشکی خستە سەر " ساڵە گرنگەکان " کە تیایدا دەڵێت ئەو ڕووداوانەی کە لە کاتێکدا ڕوودەدەن مرۆڤەکان تەمەنیان لە 10 بۆ 30 ساڵان بێت زۆرترین کات بیریان دەبێت و کاریان تێدەکات. ئەوانەی لە کاتی ڕووداوێکدا تەمەنیان لە 30 زیاترە ڕەنگە هەندێک شتی کە پێشتر لە ژیانیان ڕوویداوە بە گرنگتر بزانن، لە کاتێکدا ئەوانەش کە لە 10 ساڵ منداڵترن ڕەنگە بە تەواوەتی لێی تێنەگەیشتبێتن و زۆر گرنگ نەبێت بەلایانەوە.

جاکسن تەکەر لە نێوان 3 هەزار ئاڵای ئەمەریکا لە یادی ئەو کەسانەی کە لە هێرشەکانی 11 ی سپتەمبەری 2001 گیانیان لەدەستدا، لە پارکی وینیتکا لە ویلایەتی ئیلنۆی. 10 ی مانگی 9 ی ساڵی 2016
جاکسن تەکەر لە نێوان 3 هەزار ئاڵای ئەمەریکا لە یادی ئەو کەسانەی کە لە هێرشەکانی 11 ی سپتەمبەری 2001 گیانیان لەدەستدا، لە پارکی وینیتکا لە ویلایەتی ئیلنۆی. 10 ی مانگی 9 ی ساڵی 2016

ئایا موسوڵمانە ئەمەریکاییەکان چۆن ئەم ڕووداوە بۆ نەوەی داهاتوویان باس دەکەن؟

بەهار عەبدوڵا کە دایکی دوو مانداڵە دەڵێت " ووردەکاریی تەواوی تێڕوانینە جیاوازەکانی کاتی ڕووداوەم بۆ منداڵەکانم باس کردووە، هەمو ساڵێکیش ئەمەیان بۆ دووپاتدەکەمەوە. لەگەڵ باسکردنی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە ئەوەشیان پێدەڵێم کە چۆن پاش ئەو ڕووداوە جارێکی تر ڕەگەزپەرستی دژ بە موسوڵمانەکان لە ئەمەریکا دروست بوو. دەمەوێت منداڵەکانم فێربن چۆن دڵسۆز و بەوەفابن بەرامبەر وڵاتەکەیان بەهەمان شێوەش بتوانن پارێزگاری لە شوناسی ئاینی و نەتەوەی خۆیان بکەن وەک تاکێکی ئەمەریکایی."

بیست ساڵ لەمەوبەر ڕۆژی سێشەممە 11 ی 9 ی 2001 چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگر لەلایەن شوێنکەوتوانی گروپی توندڕەوی ئیسلامی ئەلقاعیدەوە ڕفێندران. دوو لە فڕۆکەکان خۆیان کێشا بە دوو باڵەخانەکەی نێوەندی بازرگانی جیهانی لە شاری نیویۆرک، لە کاتێکدا ئەوەی سێهەم دای بە پەنتاگۆندا، وەزارەتی بەرگری، لە نزیک واشنتن. سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەی چوارهەمیش، کە بڕوادەکرێت ئامانجەکەی کۆشکی سپی یان کۆنگرێس بووبێت، دەستیان بەسەر فڕۆکەکەدا گرت و لە کێڵگەیەکی پەنسلڤانیا کەوتە خوارەوە. لە دوای دووهەم جەنگی جهیانییەوە ئەو هێرشە خوێناویترین هێرشی تیرۆرستی بوو لەناو خاکی ئەمەریکادا ئەنجامدرابێت.

ڕەڤین دۆسکی لە وەرگرتنی لێدوانی گێری مەلەندی بۆ نوسینی ئەم بابەتە هاوکاری کردووە.

XS
SM
MD
LG