Accessibility links

چوار گرنگترین گۆڕانکاری لە ئەمەریکا دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر


‌ئەمەریکا ئەمڕۆ یادی 20ساڵەی هێرشە خۆکوژیـیەکانی11ی سێپتەمبەری 2001دەکاتەوە کە لەلایەن ئەلقاعیدەوە ئەنجام‌دران و بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی3 هەزار کەس. ئەم ڕووداوە کوشندەترین هێرش بوو لەسەر خاکی ئەمەریکا دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و بۆ هەمیشە وڵاتەکەی گۆڕی.

ئەمانە سەرەکیترین گۆڕانکارین دوای هێرشەکەی 11ی سێپتەمبەر:

1- گەشتی ئاسمانی

پێش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، گەشتیاران دەیانتوانی چەندین کەلوپەلی جیاواز لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ناو فڕۆکە و پشکنین لەناو فڕۆکەخانەکان زۆر بەخێرایی تێپەڕدەبوو. لە هەمان کاتدا، کەسوکاری گەشتیار دەیانتوانی تا دوا دەرگای فڕۆکەخانە بڕۆن بۆ بەڕێکردنی گەشتیارەکە. بەڵام ئەمە گۆڕا دوای ئەوەی 19 هێرشبەرەکەی سەر بە ئەلقاعیدە چوار فڕۆکەیان ڕفاند بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان.

کۆمیتەی نەتەوەیی ئەمەریکا لەسەر هێرشە تێرۆرستیەکان لە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە 11ی سێپتەمبەر، کە مانگی 7ی 2004 بڵاوکرایەوە، دەڵێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێرشبەرەکان چەقۆ و کەتەریان بەکارهێنابوو بۆ دەستگرتن بەسەر فڕۆکەکاندا.

دوو مانگ دوای هێرشەکان، حکومەتی ئەمەریکا ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەکانی لە کەرتی تایبەت وەرگرتەوە و بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گواستەنەوە TSA ی دامەزراند. لە ژێر سایەی ئەو بەڕێوبەرایەتیـیە، ، چەندین ڕێوشوێنی ئەمنی توند خرانە بواری جێبەجێکردنەوە وەک قەدەغەی بردنی چەند کەلوپەلێک بۆ ناو فڕۆکە، بە تایبەت ئەو شلەمەنیـیانەی دەکرێت ئاگربگرن یان ئەو کەلوپەلە تیژانەی دەکرێت وەک چەقۆ بەکاربهێندرێن. بەڕێوبەرایەتیـیەکە لە هەمان کاتدا چەندین ئامێری تەکنەلۆژی پشکنینی خستە بواری کارپێکردن کە پـێویست دەکات گەشتیاران قایش و پێڵاوەکانیان دابکەنن بۆ پشکنین.

بۆ زیادکردنی ئاسایشی ناو فڕۆکە، ئێستا دەرگاکانی ژوری کۆنترۆڵی فڕۆکە لەلایەن کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بە شێوەیەک بەرهەمدەهێندرێن کە بتوانن بەرگەی هێرشی بەهێز بگرن. سەرەڕای ئەوە، فڕۆکەوانەکان دەتوانن لە ڕێگەی وەزارەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا مۆڵەتی چەک وەربگرن و وەک ئەفسەری فیدڕاڵی کاربکەن لەناو فڕۆکەکاندا.

2- گۆڕانگاری دەزگایی

هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر چەندین پرسی نوێی ئاسایشیـیان هێنایە کایەوە کە پێویستیان بە دەزگا و ڕێوشوێنی حکومی نوێ هەبوو. بە گوێرەی واشنتن پۆست، لە دوای هێرشەکان پتر لە 236 ڕێکخراوی جیاوازی حکومی ئەمەریکی دامەزراون یان ڕێکخراونەتەوە. ئاژانسی هەواڵی PBS بڵاویکردۆتەوە کە ساڵێک دوای هێرشەکە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا زیاتر لە 130 یاسای تایبەت بە هێرشەکە ئامادەکراون و بەلانی کەمەوە 48 پرۆژە یاسا پەسەندکراون.

یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی کۆنگرێس و بەڕێوەبەرایەتی ئەو کاتەی حکومەتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جۆرج بوشی کوڕ بریتی بوو لە پەسەندکردنی بڕیاری ‘یەکخستن و بەهێزکردنی ئەمەریکا بە دابینکردنی ئامرازی پێویست بۆ ئاشکراکردن و رێگری لە تێرۆر' ناسراو بە Patriotic Act کە دەستەڵاتی فراوانتری دا بە دەزگاکانی ئاسایش بۆ چاودێری هێڵەکانی پەیوەندی و ئاسانکاری بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوان.

بەڕێوبەرایەتی بوش ساڵی 2002 وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکای دامەزراند کە ئێستا خاوەنی زیاتر لە 240 هەزار کارمەندە و بە یەکێک لە گەورەترین دەزگاکانی کارگێڕی ئەو وڵاتە دادەندرێت. وەزارەتەکە 22 دەزگای جیاوازی فیدڕاڵی لە ناو خۆیدا کۆکردەوە بە تایبەت لەسەر ڕێکارەکانی کۆچ کردن و گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکانیان.

3- جەنگ دژی تیرۆر

پێنج ڕۆژ دوای هێرشەکان، ڕۆژی 16ی سێپـتەمبەری 2001، سەرۆک بوش لە پەیامێک بۆ گەلی ئەمەریکا بۆ یەکەم جار دەستەواژەی "جەنگ دژی تێرۆر" ی بەکارهێنا وەک ئاماژە بۆ دەستپێکی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەک ئەلقاعیدە. لە پەیامەکەیدا بوش بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئەم جەنگی دژی تێرۆرە ماوەیەک دەخایەنێت. وە خەڵکی ئەمەریکا دەبێت پشوودرێژ بن. من پشوودرێژ دەبم."

مانگێک کەمتر دوای هێرشەکان و دوای ئەوەی ڕژێمی تاڵیبان کە حکومڕانی ئەفغانستانی دەکرد ئامادە نەبوو ڕێبەرانی قاعیدە ڕادەستی ئەمەریکا بکات، لە 7/10/2001 هێزەکانی ئەمەریکا بە هاوکاری ڕێکخراوی ناتۆ ئۆپەڕاسیۆنی خۆڕاگری ئازادیـیان بۆ ئەفغانستان دەستپـێکرد.هێزەکانی ئەمەریکا 10 ساڵ دوای هێرشەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە پاکستان توانیان ئوسامە بن لادن بکوژن.

ئۆپەراسیۆن و هاریکاریـیە سەربازیـیەکانی ئەمەریکا لە ساڵانی دواتر چەندین ناوچەی تری گرتەوە وەک فلپین، پاکستان، بیابانی باکوری ئەفریقا و وڵاتانی دەریای سوور. تەنانەت شەڕی تێرۆر فراوانترکرا بۆ جەنگ لە دژی ڕژێمی سەدام حسێن کە گومانی لێدەکرا خاوەن چەکی کۆمەڵکوژبێت. بۆیە لە مانگی سێی ساڵی 2003، هێزە هاوپەیمانەکان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر عێراق بۆ لەناوبردنی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن بە تۆمەتی ئاشکرانەکردنی چەکە کۆمەڵکوژەکانی.

شایەنی باسە، حکومەتی ئەمەریکا لە ساڵانی دواتر بە سەرۆکایەتی براک ئۆباما بەکارهێنانی دەستەواژەی "جەنگ دژی تیرۆر" ی کەم کردەوە تا ساڵی 2009 ئۆباما بە فەڕمی داوای لە وەزارەتی بەرگری کرد کە دەستەواژەی "ئۆپەراسیۆنی بیانی لەناکاو" وەک جێگرەوە بەکاربهێنێت.

4- بارودۆخی مسوڵمانانی ئەمەریکا

بە گوێرەی ئەنجومەنی پەیوەندیـیەکانی ئەمەریکا- مسوڵمانان لە نیویۆرک، بەلایەنی کەمەوە 28 کەس لەو هاوڵاتیانەی کە لە هێرشەکەی ئەلقاعیدە کوژران مسوڵمان بوون. لەگەڵ ئەوەشدا کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن دوای ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەر لۆمەکردنی مسوڵمانان و ڕەگەزپەرستی دژیان بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە.

بە گوێرەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 800 کەیسی توندوتیژ و هەڕەشەی گرێدراو بە هێرشەکەی 11ی سێپتەمبەر تۆمارکراون دژ بە عەرەبی ئەمەریکی و مسوڵمانان و سیکەکان (سیخ) و ئەو کەسانەی ڕوخساریان لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، کاربەدەستانی باڵای ئەمەریکا هەمیشە جەختیانکردووەتەوە کە ئەلقاعیدە و گروپە توندڕەوە ئیسلامیـیەکانی تر گوزارشت لە ئیسلام ناکەن.

لە لێدوانێکیدا 6 ڕۆژ دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، سەرۆک بوش ڕایگەیاند، "تیرۆر ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام نییە. ئیسلام ئەمە نییە. ئیسلام ئاشتییە. ئەم تێرۆرستانە نوێنەرایەتی ئاشتی ناکەن. ئەوان نوێنەرایەتی خراپە و شەڕ دەکەن."

بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سود وەرگیراوە لە ئاژانسی هەواڵئ فەرمیPBSو سەنتەری توێژینەوەی پیو لە واشنتن.

XS
SM
MD
LG