Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: یازدەی سێپتەمبەر پاش 20 ساڵ


یازدەی سێپتەمبەر ڕۆژێکی ئاسایی نییە لای ئەمەریکاییەکان و لە زۆر ڕەهەندەوە هاوشێوەی ڕووداوەکانی پێرڵ هاربەر سەیری دەکەن کە ئەمەریکای ڕاکێشایە ناو دووهەم شەڕی جیهانییەوە.

ڕۆژی یازدەی سێپتەمبەری ساڵی 2001، تێرۆریستانی ئەلقاعیدە 4 فڕۆکە دەڕفێنن.

ئەو تێرۆریستانەی ئەلقاعیدە، پێشتر لە ئەمەریکا بوون و سوودیان لە دەرفەتە کراوەکانی ناو ئەمەریکا بینی و ژمارەیەکیان وەک خۆ ئامادەکردن بۆ ئەو هێرشانە کە نزیکەی 3 هەزار کەسیان لەناو خاکی ئەمەریکادا کوشت، چووبوونە خولی تایبەتی فڕۆکەوانییەوە.

دووان لە فڕۆکە ڕفێندراوەکان، خۆیان دەدەن بە باڵەخانەکانی نێوەندی بازرگانی جیهانیدا لە شاری نیویۆرک و فڕۆکەیەکیش خۆی دەدات بە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا "پەنتاگۆن" لە ناوچەی ئاڕلینگتۆن لە ستانی ڤیرجینیا، فڕۆکەی چوارهەمیش بەڕێوەدەبێت بەرەو واشنتۆنی پایتەخت، وەک دەگوترێت دەشێت ڕفێنەرە تێرۆریستەکان وەهایان دانابێت فڕۆکەکە بدەن بە باڵەخانەی کۆنگرێسدا یانیش بە کۆشکی سپیدا؛ بەڵام سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە بەرەنگاری تێرۆریستەکان دەبنەوە و فڕۆکەکە لەناو ستانی پێنسلڤانیا دەخەنە خوارێ و بەم کارەشیان ڕێگر دەبن لەوەی تێرۆریستەکان پیلانی چوارهەمی خۆیان بپێکن.


میوانی بەرنامە:

لوقمان غەفور، شارەزای کاروباری ئەمەریکا

ئەم هێرشە تێرۆرکارییەی یازدەی سێپتەمبەر، وەرچەرخانێکی گەورەی لە جیهاندا دروست کرد، ئەم وەرچەرخانەش بە ئەندازەیەک بوو کە مێژووی لێک جیا کردەوە و سەروەختەکانی پێش و پاش یازدەی سەپتێمبەری هێنایە ئاراوە.

یازدەی سێپتەمبەر ئەمەریکای بردە ناو شەڕێکی ناچاریەوە لە ئەفغانستاندا.

تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە، بنکەی لەو وڵاتەدا بوو و تاڵیبانی ئەو کاتەش پشتیوانییەکی سەرسەختانەی دەکرد لە ئەلقاعیدە.

دوای هێرشە لەشکرییەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، ڕژێمی ئەو کاتەی تاڵیبان ڕوخا و چەکدارەکانی تاڵیبان و ئەلقاعیدەش ڕایانکردە ناوچە شاخاویەکانی تۆرابۆرا.

بەهۆی ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکا دژی ئەلقاعیدە و تاڵیبانی ئەوسا بەکاریدەهێنان، وردە وردە توانایی چەکداریی و دارایی ئەلقاعیدە ڕوو لە کزی بوو.

پاش 10 ساڵیش لە هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر و گەڕان بە شوێن ئوسامە بن لادن، ڕێبەری ئەلقاعیدەدا، سەرۆک براک ئۆباما ڕایگەیاند ڕۆژی 1ی مانگی 5ی ساڵی 2011 هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا، ئوسامە بن لادنیان کوشتووە لە ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی ئەبوتئاباد لە پاکستان.

لوقمان غەفور، شارەزای کاروباری ئەمەریکا، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:01 0:00


XS
SM
MD
LG