Accessibility links

ئەمەریکا لە هەژدەمین ساڵیادی هێرشەکانی یازدەی سـێپتەمبەر


ئەمەریکایـیەکان ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەژدەمین ساڵیادی هێرشە تێرۆرستیـیەکانی یازدەی سـێپتەمبەری ساڵی 2001 ، مەراسیمی تایبەتیان دەبێت بۆ بەرزڕاگرتنی گیانی نزیکەی 3 هەزار کەس کە لەو هێرشانەدا لە هەرسێ ویلایەتی نیویۆرک و ڤێرجینیا و پەنسلڤانیا بوونە قوربانی.

سەرۆک ترامپ لە بەیانیدا لە کۆشکی سپی ساتێک بەبێ دەنگی دەوەستێت و پاشان بەرەو وەزارەتی بەرگری بەڕێدەکەوێت بۆ ئامادەبوونی مەراسێمک کە لەوێ ئەنجام دەدرێت بە بەشداری ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی سەر وەزارەتەکە.

هاوکات مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە مەراسیمێکدا لە شانکسڤیلی ویلایەتی پەنسلڤانیا ئامادەدەبێت لە نزیک ئەو شوێنەی یەکێک لە فڕۆکە ڕفێندراوەکانی لێکەوتە خوارێ.

لە لایەکی دیکە لە شاری نیویۆرک، سەدان لەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئەو ڕۆژە ڕزگاریان بوو لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی نێو هەردوو تاوەرە وێرانبووەکەی شارەکە کۆدەبنەوە لە شوێنی هەردوو تاوەرەکە کە ئێستا بە گراوند زیرۆ ناسراوە.

جێی بیرهێنانەوەیە هەژدە ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا 19 تێرۆرستی سەر بە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە 4 فڕۆکەی ئەمەریکایی دەڕفێنن. دوو لە فڕۆکەکان دەکێشن بە هەردوو تاوەری ناوەندی بارزگانی جیهانی لە نیویۆرک، یەک فڕۆکەش دەکێشن بە بینا سەرەکیـیەکەی وەزارەتی بەرگری، بەڵام سەرنشینانی یەک لە فڕۆکەکان بە نیازی تێرۆرستان دەزانن و پەلاماریان دەدەن و لە ئەنجامدا فڕۆکەکە لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دەکەوێتە خوارێ.

لەوەتای ساڵی 1941 کە ژاپـۆنیـیەکان هێرشیان کردە سەر بێرڵ هاربەر، هیچ هێرشێکی دیکەی وەها خوێنی وەک ئەوەی یازدەی سێپـتەمبەر ناکراوەتە سەر خاکی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG