Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمریکا: یانزەی سێپتەمبەر دەریخست لە ئەمەریکا یەکگرتوویی مەحاڵ نییە


جێگری سەرۆکی ئەمریکا کامڵا هێرس لە گوتارێکدا بەبۆنەی بیست ساڵەی یادی هێرشە تێرۆریستییەکانی یانزەی سێپتەمبەری 2001 ەوە جەختیکردە سەر پێویستی یەکگرتوویی ناوخۆیی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکە بەسەر ئەو بەربەستانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

خاتوو هێرس لە ویلایەتی پەنسلڤانیاوە گوتی، " ڕۆژەکانی دوای یانزەی سێپتەمبەری 2001 وەبیری هێناینەوە کە یەکگرتوویی لە ئەمەریکا دەکرێت ڕووبدات. وەبیرمان هێنرایەوە کە یەکگرتوویی پێویستییە لە ئەمەریکا. پێویستییەکە بۆ گەشەسەندنی هەمووان، بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان و هەروەها بۆ پێگەمان لە جیهاندا."

پەنسلڤانیا ئەو ویلایەتە بوو کە فڕۆکەی گەشتی ژمارە 93 ی تیادا تێکشکا دوای ئەوەی سەرنشینەکانی هێرشیان کردە سەر ڕفێنەرانی فڕۆکەکە و نەیانهێشت هێرشەکەیان ئەنجام بدەن کە وەک باس دەکرێت ئامانجەکەیان کۆنگرێس بوو. فڕۆکەکە لە دەشتێکی پەنسلڤانیادا کەوتەخوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی کە بە چوار تێرۆریستەکەوە 44 کەس بوون مردن. بەڵام هیچ زیانێکی دیکەی گیانی لەسەر زەوی لێنەکەوتووە.

هێرس، کە یەکەم ژنە لە مێژوودا جێگری سەرۆکی ئەمەریکابێت، لە هەمان کاتدا باسی لە گرنگی فرەڕەنگی کۆمەڵگای ئەمەریکی کرد.

هێرس گوتی، " لە یەکگرتوویی، مەبەستم یەکڕەنگی نییە. ساڵی 2001 بۆچوونی جیاوازمان هەبوو وەکو چۆن لە ساڵی 2021 یشدا هەمانە. بڕوام وایە لە ئەمەریکا، هێزمان لە فرەڕەنگیدایە."

هێرس گوتی نابێت رێگەبدەین ترس ببێتە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی لە نێو کەمایەتییە جیاوازەکانی وڵاتەکە کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 330 ملیۆن کەسە و بەسەر پەنجا ویلایەت و چەندین ئاین و گروپی ئینتیدا دابەشبوون.

XS
SM
MD
LG