Accessibility links

بوش: هێرشە دوژمنکارەکانی 11ی سێپتەمبەر بەهێزی ئیرادەی ئەمەریکایـیەکانی دەرخست


جۆرج دەبلیو بوش، کە سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە کاتی هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەری 2001، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئەلقاعیدە ئیرادەی بەهێزی گەلی ئەمەریکایان نیشان دا کە چۆن لە کاتی تەنگانە و چرکەساتی مێژووی بە یەکگرتوویی دەمێننەوە و داکۆکی لە بەها مرۆییەکانیان دەکەن.

لە وتارێکیدا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا بە بۆنەی یادی 20 ساڵەی هێرشەکە، بوش ڕایگەیاند، "لە چرکە ساتێکدا کە دەکرا دەمارگیری ئاینی بە ئاشکرا بڵاوببێتەوە، من ئەمەریکایـیەکانم بینی کە ڕەگەزپەرستیان ڕەتکردەوە و باوەشیان دەکردەوە بۆ خەڵکی باوەڕدار بە ئیسلام. ئەمە ئەو نەتەوەیە کە من دەیناسم."

بوش لە مەراسیمەکەدا ڕووی کردە نەوەی نوێی ئەمەریکا کە ڕووداوەکان لە بیرەوەریاندا نییە و گوتی، "ئەستەمە باسی ئەو هەستە جیاوازانەی ئەوکاتمان بکەین."

لە هەمان کاتدا، بوش هۆشداری دا لە مەترسی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە لە نێوان هاوڵاتیانی ئەمەریکا.

ئەو ڕایگەیاند، " لەوە دەچێت هێزێکی خراپ کاربکات لەناو ژیانی هاوبەشمان بە ئاڕاستەکردنی ناکۆکیەکانمان بۆ دەمەقاڵێ، وە ئاڕاستەکردنی هەر دەمەقاڵێیەک بۆ تێکگیرانی کلتوری. بەشێکی زۆری سیاسەتمان بووەتە ئاڕاستەکردن بەرەوە توڕەیی، ترس و کینە. ئەمە وەهامان لێدەکات نیگەرانبین بەرامبەر نیشتمانمان و داهاتوی هاوبەشمان."

XS
SM
MD
LG