Accessibility links

بایدن بەبێ دەنگی یادی یانزەی سێپتەمبەر دەکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی یانزەی سێپتەمبەر هیچ گوتارێکی پێێشکەش نەکرد کاتێک سەردانی ئەو سێ ناوچەیەی کرد کە لە ڕێگەی چوار فڕۆکەوە بیست ساڵ لەمەوبەر هێرشیانکرایە سەر و نزیکەی سێ هەزار کەس گیانیان لەدەست‌دا.

بایدن رۆژێک پێشتر تەنیا گوتارێکی تۆمارکراوی پێشکەش کرد کە تیایدا داوای یەکڕیزی کرد و ئیسلامی بە "ئاینی ئاشتی" دانا.

یەکەم شوێن بایدن و خانمی یەکەم جێڵ بایدن سەردانیان کرد گراوند زیرۆ بوو لە شاری نیویۆرک، ئەو شوێنەی کە دوو لە فڕۆکەکان هێرشیان کردە سەر هەردوو تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانی و بە تەواوی خاپووریان کرد. ئێستا لە جیاتی ئەو دوو تاوەرە کە بە "تاوەرەکانی ئازادی" ناسرابوون مۆنیومێنتێک و تاوەرێکی 95 نهۆمی هەیە بە ناوی "یەک سەنتەری بازرگانی جیهانی."

لە نیویۆرک، هەردوو سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما و بێڵ کلینتۆن ئامادەبوون. پاشان بایدن و خانمی بەرەو ویلایەتی پەنسلڤانیا بەڕێکەوتن.

لەوێ چونە شاری شانکسڤیڵ، ئەو شوێنەی کە فڕۆکەی گەشتی ژمارە 93 لێیکەوتە خوارەوە کاتێک سەرنشینەکانی هێرشیانکردە سەر چوار ڕفێنەری فڕۆکەکە و نەیانهێشت هێرشەکەیان ئەنجام بدەن. فڕۆکەکە لە دەشتێکی پەنسلڤانیا تێکشکا و تەواوی سەرنشینەکان بە تێرۆریستەکانیشەوە کە 44 کەس بوون مردن.

لەوێ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆرج دەبلیو بوش و جێگری سەرۆکی ئەمریکا کامڵا هێرس ئامادەبوون و گوتاریان پێشکەش کرد. بەڵام بایدن لەوێش بێدەنگی هەڵبژارد و چاوەڕوانناکرێت لە پەنتاگۆنیش هیچ گوتارێک پێشکەش بکات کە دوای نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن سەردانی دەکات.

پەنتاگۆن، ئەو باڵاخانەیەی کە شکڵی پێنجتای هەیە وەزارەتی بەرگری ئەمریکای تێدایە، دەکەوێتە شاری ئارڵینگتن لە ویلایەتی ڤێرجینیا، کە چەند خولەکێکی کەم لە واشنتنی پایتەختەوە دوورە. 20 ساڵ لەمەوبەر، یەکێک لە فڕۆکەکەکان کە پێنج تێرۆریستی تێدابوو (فڕۆکەی گەشتی ژمارە 77) هێرشی کردە سەر پەنتاگۆن و 189 کەسی کوشت. زۆربەی قوربانییەکان کارمەندی پەنتاگۆن بوون.

XS
SM
MD
LG