Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا مارک ئەسپەر بۆ پـۆستی وەزیری بەرگری پەسەند دەکات


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا مارک ئەسپەری بۆ پـۆستی وەزیری بەرگری پەسەندکرد، ئەمەش دوای حەوت مانگ لە دەست لەکارکێشانەوەکەی جێم ماتیس بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆک ترامپ سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

ئەنجومەنی سینات ئەمڕۆ سێشەممە بە دەنگی 90 سیناتۆر لە بەرامبەر 8 سیناتۆر، مارک ئەسپەری تەمەن 55 ساڵی بۆ ئەم پـۆستە گرنگە پەسەندکرد.

ژمارەیەک لەو دیموکراتانەی دەنگیان پێ نەدا،لەوانەن کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 کاندیدکردووە، وەکو کۆری بووکەر، کرستن جیلیبراند، ئەیمی کلۆبەشار، کامەڵا هێرس و ئلیزابێث وارن.

بەڵام میچ مەککۆنەڵ ڕێبەری کۆماریـیەکانی زۆرینە لە ئەنجومەنی سینات ڕۆژی دووشەممە گوتی ئەسپەر کاندیدێکی تەواو ئامادەیە بۆ گرتنەدەستی ئەم پـۆستە. گوتیشی زۆر پـێویستە وەزیری بەرگری هەبێت لەم کاتەی جیهان پـڕە لە هەڕەشەی مەترسیدار بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، لەوانە سووربوونی ئێران لەسەر نانەوەی گرژیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سیناتۆر جێمس ئینهۆف کۆماری ئەمڕۆ بەر لە دەنگدانەکە گوتی "ئەسپەر بڕوای بە سەرۆکەکەمان و لەشکرەکەمان و کۆنگرێس هەیە."

ئەسپەر کە لە ساڵی 2017 وە وەزیری لەشکرە و لە پاش پاتریک شاناهان وەک وەزیری بەرگری بە وەکالەت کاری دەکرد، چاوەڕواندەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ سوێندی فەرمی بخوات.

پـێشتر چاوەڕواندەکرا شاناهان شوێنی ماتیس بگرێتەوە، بەڵام دواتر لە مانگی شەش لەبەر هۆکاری خێزانی وازی هێنا.

XS
SM
MD
LG