Accessibility links

ئەنتۆنی بلینکن: ئازادی ئاینی مافێکی مرۆڤە و ناکرێت لە مافەکانی دیکە جیابکرێتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتارێکی پێشکەش کرد لە بارەی ڕاپـۆرتی ئەمساڵی وەزارەتەکەی سەبارەت بە ڕەوشی ئازادی ئاینی لە جیهاندا لە ماوەی ساڵی 2020.

ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ چوارشەممە وتارەکەی لە بەردەم ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوانان لە وەزارەتەکەی پـێشکەش کرد و گوتی ماوەی 23 ساڵە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ساڵانە ڕاپـۆرتی خۆی لە بارەی ڕەوشی ئازادی ئاینی لە جیهاندا بڵاودەکاتەوە کە نزیکەی 200 وڵات و ناوچە لە سەرانسەری جیهان دەگرێتەوە.

گوتی ئەم ڕاپـۆرتە ئەنجامی هەوڵ و ماندووبوونی بە کۆمەڵی سەدان دیپـلۆماتی ئەمەریکایـیە لە سەرانسەری جیهان و هەروەها ئۆفیسی ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوە بە سەرپەرشتی دان نەیدڵ.

بلینکن گوتی ئازادی ئاینی مافێکە لە مافەکانی مرۆڤ، وە مرۆڤ خۆی ئازادە لەوەی بیروباوەڕی چیبێت وە ئازادیشە لەوەی بیگۆڕێت ئەگەر بیەوێت. گوزارشتکردن لە بیروباوەڕ لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان، ئازادیـیەکە لە جاڕنامەی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، هەروەها لە دەستوری ئەمەریکاشدا چەسپێنراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریگا گوتی داکۆکی وڵاتەکەی لە ئازادی ئاینی و بیروباوەڕ بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئازادی ئاینی وەکو هەموو مافەکانی دیکەی مرۆڤ وایە، وە هەموو کەسێک لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا مافی خۆیەتی پەیڕەوی ئەو ئاینە بکات کە دەیەوێت یان هەرچ بیروباوەڕێکی دیکەی هەبێت.

بلینکن گوتیشی ئازادی ئاینی وەکو هەموو مافەکانی دیکەی مرۆڤ وایە و ناکرێت جیابکرێتەوە، وە ئازادی ئاینی هیچی زیاتر و کەمتر نیـیە لە ئازادی ڕادەربڕین و مافی گردبوونەوە و بەشداری لە ژیانی سیاسی و بردنەسەری ژیانێکی دور لە ئەشکەنجە و کۆیلایەتی.

گوتیشی هەتا ڕێز لە مافەکانی دیکەی مرۆڤ نەگیرێت، ئازادی ئاینیش تەواو بەدی نایەت، وە کاتێکیش حکومەتی وڵاتان مافی ئاینی میلـلەتەکانیان پـێشێلدەکەن، ژیانی خەڵکی دیکەش دەخەنە بەر مەترسیـیەوە. ئازادی ئاینی خاڵێکی سەرەکیـیە لە کۆمەڵگەی کراوە و سەقامگیردا، بۆیە بەبێ ئەو ئازادیـیە ئاینیـیە خەڵکی بەشداری تەواو لە سەرکەوتنی وڵاتەکانیاندا ناکەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی هەتا چەند نکۆڵی لە مافەکانی مرۆڤ بکرێت، هێندە گرژی و دابەشبوون لە نێو کۆمەڵگەدا دروستدەکات.

گوتی بەپـێی سەنتەری توێژینەوەی پیو Pew Research Center، لە 56 وڵاتی جیهان کە زۆربەی دانیشتوانی جیهانیان تێدایە، بەربەستی توندیان لەسەر ئازادی ئاینی هەیە. بۆ نمونە ئێران بەردەوامە لە تۆقاندن و هەراسانکردن و دەستگیرکردنی خەڵکی کەمینە ئاینیـیەکانی وڵاتەکەی، لەوانە بەهایـیەکان، کرستیانەکان، جووەکان، زەردەشتیـیەکان، سوونەکان و موسڵمانە سۆفیـیەکان.

لە بورماش، ڕێبەرانی کودەتا لەشکریـیەکە لە نێو ئەو کاربەدەستانەن کە بەرپـرسن لە پاکتاوی نەژادی و تاوانە گەورەکانی دیکەی دژی ڕۆهینگیاکان دەکرێن کە زۆربەیان موسڵمانن.

لە ڕووسیا، دەسەڵاتداران بەردەوامن لە هەراسانکردن و دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی پەیڕەوانی گەواھیدەرانی یەھوە و کەمینە موسڵمانەکان بە بیانوی ئەوەی توندڕەون.

لە نایجیریا، دادگاکان بەردەوامن لە تاوانبارکردنی خەڵکی بە کوفر و هەڵگەڕانەوە لە ئاین و سزای زیندانیی درێژیان بەسەردا دەسەپێنن یان لەسێدارەیان دەدەن. بەڵام هەتا ئێستاش حکومەتی ئەو وڵاتە هیچ کەسێکی ڕاپـێچی بەردەم دادگا نەکردووە لەسەر ئەو کوشتارکاریـیەی لەشکر کردی لە دژی سەدان موسڵمانی شیعە لە ساڵی 2015 دا.

عەرەبستانی سعودیـیەش، تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە هەتا ئێستا کڵسیایەکی کرستیانی لێ نیـیە، ئەمەش سەرەڕای بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کرستیان لەو وڵاتەدا. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەردەوامن لە زیندانیکردنی چالاکوانانی مافی مرۆڤ، لەوانە ڕائف بەدوی کە لە ساڵی 2014حوکمی 10 ساڵ زیندانی درا و 1000 جەڵدەشی لێدرا، تەنیا لەسەر ئەوەی قسەی لە بارەی بیروباوەڕی خۆی کردبوو.

وڵاتی چینیش لەسەر ڕادەربڕینی ئاینی، خەڵکی سزا دەدات و بەردەوامە لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدکردنی ڕێبەرانی ئیسلامی وڵاتەکە و ئەندامانی کەمینە ئاینیـیەکانی دیکە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی ئەمڕۆ یو هەی Yu Hui ، بەرپـرسی پـێشووی دەزگایەکی سەرکوتکردنی ئاینی حکومەتی چین لە چنگدوی هەرێمی سیچوان دەخاتە بەردەم سزاکانی ئەمەریکا، ئەمەش لە بەرامبەر تێوەگلانی لە پـێشێلکاریـیە گەورەکانی بەرامبەر مافی مرۆڤ کراون. گوتیشی بۆیە Yu Hui و ئەندامانی خێزانەکەی بۆیان نیـیە بێنە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.

ئەنتۆنی بلینکن باسی لە کێشەی دژایەتیکردنی سامیەت کرد، گوتی کێشەیەکە لە هەموو جیهان ڕووی لە زیادبوون‌کردووە، بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تەواوی ئەوروپاشەوە. گوتیشی ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و زۆر جار بە توندوتیژیـیەوە گرێدراوە، وە دەبێت لە هەر شوێنێک ڕووبدات بە توندی لە دژی بوەستینەوە.

هەروەها ڕق و کینە بەرامبەر موسڵمانان چەندین وڵاتی گرتووەتەوە و ئەمەش کێشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەمەریکا و ئەوروپاش.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی لە ڕاپـۆرتەکەی ئەمساڵی وەزارەتی دەرەوە باس لەو هەنگاوە باشانەش کراون کە لە چەند وڵاتێکی نراون بە ئاڕاستەی ئازادی ئاینی. لەوانە حکومەتی کاتی سودان یاساکانی تاوانبارکردن بە کوفر و هەڵگەڕانەوە لە ئاینی هەڵوەشاندەوە کە بەکاردەهاتن بۆ هەراسانکردنی کەسانی کەمینە ئاینیـیەکان.

حکومەتی ئوزباکستانیش سەدان کەسی ئازادکرد کە لەسەر بیروباوەڕیان زیندانیکرابوون. تورکمانستانیش 16 کەسی لە پەیڕوانی گەواھیدەرانی یەھوە ئازادکرد کە خزمەتی سەربازیـیان نەکردبوو بەهۆی بیروباوەڕەکەیان کە ڕێگەیان پێنادات.

ئەنتۆنی بلینکن لە کۆتایی وتارەکەی بەڵێنی بە جیهان دا کە بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن و کامڵا هێرس بەرگری و داکۆکی لە ئازادی ئاینی دەکەن لە تەواوی جیهاندا. گوتی ئەمەریکا لەم پـرسەدا هەر لە پـێشەنگدا دەبێت.

گوتیشی سوپاسی هاوبەشەکانمان دەکەین، لەوانە حکومەتەکانی هاوبیرمان و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و تۆڕەکانی وەکو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ئاینی و گروپی پەیوەندی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ئاینی و بیروباوەڕ. بەردەوام دەبین لە نزیکەوە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، لەوانە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگە ئاینیـیەکان، ئەمەش لە پـێناو نەهێشتنی هەموو جۆرە ڕق و کینە و جیاوازی بەهۆی هاندەری ئاینی لە هەموو جیهاندا.

XS
SM
MD
LG