Accessibility links

ڕاپۆرتێک لە بارەی ناوەندە نهێنییەکانی پاسدار و ئیتلاعاتی ئێران بۆ دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ورمێ و سنە و کرماشان


تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاپـۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی ئێران لە شارەکانی ورمێ و سنە و کرماشان ناوەندی نهێنیـیان هەیە بۆ دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدانی خەڵکی.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات بە گرژییە سیاسی و سەربازییەکانی دوای شۆڕشی ساڵی 1979 لە ناوچە کوردییەکان، بە تایبەت شەڕی سەربازی نێوان هێزەکانی حکومەت و هێزە چەکدارەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران. هەروەها باس لەوە دەکات کە لەگەڵ ئەوەدا کە جموجوڵی سەربازی حیزبەکان کۆتایی هاتووە، بەڵام حکومەتی ئێران و سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات هێشتا بە چاوەێکی ئەمنی سەیری ناوچە کوردییەکان دەکەن و هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنی لە ژێر ناوی جۆراوجۆر سەرکوت دەکەن.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت جگە لە سەرکوتکردنی هەر جۆرە چالاکی و بزوتنەوەیەکی سیاسی و مەدەنی لە کوردستانی ئێران، سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران زۆر جار دەست دەدەنە تێرۆرکردنی ئەندامانی پارتە سیاسییە کوردەکانی ئۆپۆزیسیون کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران نیشتەجێن، بە تایبەتی لە عێراق و وڵاتانی ئەوروپا. تێرۆرکردنی زیاتر لە 100 ئەندامی ئەو پارتانە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها تێرۆرکردنی دکتور قاسملو و دکتور شەرەفکەندی وەک دوو سەرکردە دیاری پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڤیەننا و بەرلین لەبەرچاوترین چالاکییەکانی ئەو دامەزراوە ئەمنییانەی حکومەتی ئێرانن.

ڕاپورتەکە دەڵێت وەزارەتی ئیتڵاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و پۆلیسی ئاسایش هەریەکەیان بە جیا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بنکەی دەستبەسەرکردنی نهێنی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە هەریەک لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام چەندین بنکەی دەستبەسەرکردنی نهێنیان هەیە و تا ئێستا شوێنی ژمارەیەکیان دیاری نەکراوە.

ڕێبین ڕەحمانی لە ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و نووسەری ئەم راپۆرتە لە گفتوگۆیەکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای لە بارەی ئەو ناوەندانە دەڵێت " لە هەموو شارەکانی ئێراندا ئەم ناوەندانەی دەستبەسەرکردنە بوونی هەیە، بەڵام جیاوازی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ناوچە کوردییەکان لەگەڵ شارەکانی تر لەو هەولومەرج و بارودۆخەدایە کە بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێت."دەشڵێت "لەو ناوەندانەدا زیندانیانی کورد ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی قورستر دەبنەوە بە بەراورد بە شارەکانی تر."

ڕێبین لە بارەی ڕاپۆرتەکەوە دەڵێت "ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە چەند ساڵێکی خایاندوە و سەرچاوەکانی زانیارییەکانیشمان ئەو چاوپێکەوتنانەن کە لەگەڵ زیندانیان و دەستبەسەرکراوانی ئەو ناوەندانەدا ئەنجاممانداوە."

گوتیشی "دوای ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە میدیاکانی دەرەوە پێشوازییەکی زۆریان لێکرد و لە ئاستێکی بەرفراواندا بڵاوبووەتەوە و هەنگاوی تریشمان ئەوەیە ڕاپۆرتەکە بنێرین بۆ نووسینگەی ڕاپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران و داوایان لێبکەین کە لەسەر هەلومەرجی نالەباری ئەو ناوەندانە هەڵوێست وەربگرن و لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەی پێبکەن."دەشڵێت " لەو ڕێگایەوە وڵاتانی وەک ئەمەریکاش زیاتر ئاگاداردەبنەوە لە پێشێلکارییە مرۆییەکانی لەو ناوچانە دەکرێن."

بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێ

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو بنکەیە 34 ژووری تاکەکەسی و گشتی هەیە و دەکەوێتە سەر شەقامی دانێشکەدەی شاری ورمێ و لە نزیک بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیدارەی ئیتلاعاتە و بەپێی قسەی هەندێک لە سەرچاوەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەم بنکەیە یەکێکە لە "پیسترین و ترسناکترین" بنکەکانی دەستبەسەرکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران.

بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێ
بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێ

وەک سەرچاوەکانی ئەو ڕاپۆرتە باسیانکردوە لەم بنکەی دەستبەسەرکردنەدا ژوورێک هەیە کە بە " گۆڕ" ناسراوە و 1.5 مەتر بەرزییەکەیەتی و نیو مەتریش درێژی و پانییەکەیەتی و دەوترێت لەم ژوورەدا کەسی دەستبەسەرکراو دەبێت بۆ چەندین کاتژمێر بە پێوە بوەستێت و ژوورەکە تەنها لە کاتی ئەشکەنجەدا بەکاردێت و هەروەها بە گوتەی هەندێک لە زیندانیانی سیاسی پێشوو، ئەشکەنجەکانی دیکەی وەک لێدان و شۆکی کارەبایی لەو بنکەیەدا زۆر باوەن.

چالاکوانێکی مەدەنی کورد کە چەندین هەفتە لەو بنکەیەدا دەستبەسەربووە بە ئاماژەدان بە ژووری تاکەکەسی و ژوری لێپرسینەوەی ئەو بنکەیە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتووە "هەموو شتێک لەوێ ئامادەکراوە بۆ ئەوەی وردە وردە مردن ئەزموون بکەیت."

بنکەکانی دەستبەسەرکردنی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپا لە ورمێ

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپا لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا چەندین بنکەی دەستبەسەرکردنی نهێنی لە ناوەوە و دەرەوەی شاری ورمێ هەیە.سێ بنکەی سەرەکی دەستبەسەرکردنی ئەو ڕێکخراوەیە لەو پارێزگایەدا بریتین لە بنکەی دەستبەسەرکردنی 81ی ڕەمەزان کە دەکەوێتە سەربازگەی ئەلمەهدی و هەروەها بنکەی دەستبەسەرکردنی حەفتی تیر و خەیبەر کە دەکەونە سەربازگەی مالیک ئەشتر.

بنکەی دەستبەسەرکردنی 81 ی ڕەمەزان و بنکەی دەستبەسەرکردنی 7 تیر و خەیبەر
بنکەی دەستبەسەرکردنی 81 ی ڕەمەزان و بنکەی دەستبەسەرکردنی 7 تیر و خەیبەر

ڕێکخراوەکە دەڵێت هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە دوو بنکەی دەستبەسەرکردنی حەوتی تیر و خەیبەر لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەوترێت بنکەی دەستبەسەرکردنی 81 ی ڕەمەزان، 18 ژووری تاکەکەسی و گشتی تێدایە و لە ڕێگای کامێرایەکی زۆرەوە چاودێری دەکرێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە ئاماژەدان بە شێوازەکانی دانپێدانانی زۆرەملێ لەم بنکەیەدا، لەوانە مانەوەی دەستبەسەرکراوان بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بەبێ مافی پەیوەندیکردن بە کەسوکاریانەوە و هەروەها لە سێدارەدانی ساختە و هەوڵدان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەندامانی خێزانی دەستگیرکراوەکان و دەستدرێژی سێکسی. لە زمانی زیندانییەکی پێشووی ئەو بنکەیەوە دەڵێت لە ڕێگایدەستگیرکردنی هاوسەرەکەی و هێنانی بۆ بنکەی دەستبەسەرکردنەکە، فشاریان خستوەتە سەر زیندانییەکە کە ئەگەر هاوکاری نەکات، دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر هاوسەرەکەی.

هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەلایەنی کەمەوە هاوڵاتییەکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی ناسر عیسازادە لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەو بنکەیەدا گیانی لەدەستداوە و هێزەکانی سوپای پاسداران بە شەو تەرمەکەیان لە شارەکەی خۆیدا بەخاک سپاردووە.

بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی سنە

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو بنکەیە کە 34 ژووری تاکەکەسی و گشتی هەیە دەکەوێتە یەکێک لە ناوچە ئەمنییەکانی شاری سنە و لە نزیک بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستانە.

بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی سنە
بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی سنە

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دەستبەسەرکراوان بە شێوازی جۆراوجۆری جەستەیی و دەروونی ئەشکەنجە دەدرێن و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دوو دەستبەسەرکراو بە ناوەکانی ئیبراهیم لوتفوڵاهی، چالاکوان و خوێندکاری کورد و هەروەها سارۆ قەهرەمانی کە لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری ساڵی2018ی سنە بەشداری کردبوو، هەردوو لەو بنکەیەدا لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەستداوە.

محەمەد حسێن ڕەزایی، زیندانی سیاسی پێشووی کورد کە چەندین مانگ لەو بنکەیەدا دەستبەسەرکراوە، بە ئاماژەدان بە ئەشکەنجەکانی ئەو بنکەیە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتووە "چەندین جار بە هۆکاری جۆراوجۆر بەردەوام لێیان دەدام و لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجانەشدا لووتم و چەند پەراسویەکم بە قورسی زیانیان پێگەیشتووە".

ناوەندی دەستبەسەرکردنی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای سنە

بەپێی راپۆرتەکە، بنکەی دەستبەسەرکردنەکە دەکەوێتە سەربازگەی شەهرامفەری سپا لە جادەی خوسرەوئابادی سنە و ژمارەی ژوورەکانیشی 30 ژوور دەبن.

ناوەندی دەستبەسەرکردنی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای سنە
ناوەندی دەستبەسەرکردنی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای سنە

زیندانیانی پێشووی ئەم بنکەیە باسیان لە ئەشکەنجەکانی ئەم بنکەیە کردووە بۆ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و یەکێک لەو کەسانە کە مامۆستایەک بووە بەو ڕێکخراوەی گوتوە " دیواری حەوشەی بنکەکە پڕ بوو لە نووسینەکانی زیندانیان، بە تایبەتی ئەو هێڵانەی کە ئاماژەیان بەو ڕۆژانە کردووە کە لەوێ بەسەریان بردووە."

بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئێتلاعاتی کرماشان

بە گوێرەی ڕێکخراوەکە ئەم بنکەیە بە بنکەی دەستبەسەرکردنی مەیدان نەفت ناسراوە، دەکەوێتە تەنیشت بینای سپای قەزای کرماشانەوە و بە لایەنی کەمەوە 15 ژووری گشتی و سێ ژووری لێپرسینەوەی تایبەتیان تێدایە و ژوورەکانی ئەو بنکەیە هیچ ئامێرێکی گەرما و سەرماییان تێدا نیە و دەستگیرکراوەکان لە کاتی ئەشکەنجەدانیاندا دەگوازرێنەوە بۆ ژێرزەمینی ئەو بنکەیە.

• بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئێتلاعاتی کرماشان
• بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی ئێتلاعاتی کرماشان

چالاکوانێک کە ماوەیەک لەو شوێنەدا دەستبەسەرکرابوو، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتووە "ماوەی چەندین مانگ بە بێ مافی بینین و پەیوەندیکردن بە کەسوکارەکەمەوە لە ژێرئەشکەنجەیەکی دەروونی قورسدا هەوڵمدا خۆم بکۆژم دوای ئەوەی بە هەوڵی خۆکوژییەکەمیان زانی، بە قورسی لێیاندام و بەستمیانەوە."

زەینەب جەلالیان، یەکێکی تر لە زیندانیانی سیاسی کورد کە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، لەبارەی ئەو بنکەیەوە دەڵێت بۆ ماوەی چەندین مانگ لەو بنکەیەدا لێپرسینەوە و ئەشکەنجە دراوە و چەند جارێکیش براوەتە ژێرزەمینی بنکەکە و چەند کاتژمێرێک بە کێبڵ لە ژێرپێیان داوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکە، مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، کە ساڵی 2010 لە زیندانی ئێڤینی تاران لەسێدارە درا، لە نامەکانیدا باسی ئەشکەنجەکانی پێشتری خۆی کردبوو لەم بنکەیەدا.

بنکەی دەستبەسەرکردنی سوپای نەبی ئەکرەم لە کرماشان

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت بەهۆی ڕێوشوێنی ئەمنی توند لەو شوێنەدا، زانیاری زۆر و وردی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەو بنکەیە و دەڵێت بنکەکە لەناو بارەگای سوپای نەبی ئەکرەمە و لە بەشێکیدا 10 ژووری دەستبەسەرکردنی تێدایە کە لەناو ژوورەکاندا بۆ چاودێریکردنی زیندانیان، کامێرایان داناوە.

بنکەی دەستبەسەرکردنی سوپای نەبی ئەکرەم لە کرماشان
بنکەی دەستبەسەرکردنی سوپای نەبی ئەکرەم لە کرماشان

ڕاپورتەکە بە ئاماژەدان بە نامەیەکی حسێن خزری، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراوی کورد، دەڵێت بۆ ماوەی 49 ڕۆژ لەو بنکەیەدا ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

ڕێبین دەڵێت "مەبەستی ئێمە لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئەوە بووە کە بتوانین سەرنجی میدیا و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان ڕابکێشین بۆ ئەو پێشێلکارییانەی کە لە شارە کوردییەکاندا ئەنجامدەدرێن و کەس باسیان لێوە ناکات." ئەو هەروەها دەشڵێت "بەداخەوە پێشێلکارییە مرۆییەکان لە لایەن حکومەتەوە زۆرتر لە شوێنەکانی وەک بەلوچستان و خوزستان و کوردستان ڕوودەدات، بەڵام میدیاکان کەمترین جار باسی لێوە دەکەن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی حکومەت زیاتر بوێرێت پەرە بە پێشێلکارییەکان بدات."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەندین جار مامەڵەی توند و تیژی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەلانی ئێران، لەوانە پێشێلکاریی مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە لایەن ئێرانەوە ئێدانە کردوە.

XS
SM
MD
LG