کۆشکی سپی دەڵێت دووهەم هاووڵاتی ئەمەریکایی لە سودان گیانی لەدەستداوە و ئاماژەی بەوەدا بەرپرسانی ئەمەریکا یارمەتی ئەو ژمارە کەمەی هاووڵاتیان دەدەن کە دەیانەوێت لە ماوەی ئاگربەستەکەدا ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی ڕایگەیاند لێرە و لەوێ توندوتیژییەکان بەردەوامن، ئەو ئاگربەستەی کە ئەمەریکا لە ڕۆژی دووشەممەدا لە سودان ڕایگەیاند وادەردەکەوێت هێشتا بەردەوامە.
وتیشی " لەبەر ئەوە دەمانەوێت سوود لەو ئاگربەستە ببینین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی ئەمەریکاییەکان بزانن ئەگەر بیانەوێت بجوڵێن یاخود نا، بزانین چیمان پێدەکرێت بۆ ئەوەی زانیارییە پێویستەکانیان بدەینێ تاوەکو بگەنە ڕێڕەوە وشکانییەکان."
وتیشی " هێشتا مەترسیدارە. دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە هێشتا مەترسیدارە، بەڵام وادیارە کە ئاگربەستەکە خۆی گرتووە یاخود لانیکەم یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکاندا."
کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ سوپای سودان و هێزە نیمچە سەربازییەکانیشدا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە و ڕێگەدان بە یارمەتی مرۆیی زیاتر.
لێدوانەکانی کۆشکی سپی لە کاتێکدا بوو کە شەڕەکەی نێوان سوپای سودان و هێزە نیمچە سەربازییەکان لە دەرەوەی خەڕتومی پایتەختی سودان زیاتر دەبوو، ئەوەش لە نێوەندی ئاگربەستێکدا بۆ دامرکانەوەی شەڕەکە.
کیربی وتی ئاستی توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیانکردووە، " ئاستی توندوتیژییەکان کەم بوونەتەوە، بەڵام دەمانەوێت ببینین ئاستی توندوتیژییەکان بگاتە سفر."
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانی بە بەرپرسانی ئەمەریکا کردووە چەند دەتوانن یارمەتی هاوڵاتیانی ئەمەریکی بدەن، هەروەها " چالاکانە کارئاسانییان کردووە بۆ دەرچوونی ژمارەیەکی کەم لەو ئەمەریکییانەی " کە ویستوویانە وڵاتەکە جێبهێڵن.
کیربی وتیشی هەندێک لە هاووڵاتییە ئەمەریکاییەکان گەیشتوونەتە بەندەری سودان تاوەکو بگوازرێنەوە، ئەمەریکاش بەردەوام بووە لە پشتیوانیکردنی هەوڵە سنووردارەکانی دیکە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی لە ڕێی ڕێڕەوە وشکانییەکانەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز