Accessibility links

ڕوانگەی سوری: هێزەکانی سوریای دیموکرات شارۆچکەیەک لەژێر دەسەڵایەتی داعش دەردەهێنن


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات شارۆچکەی هەجینی ڕۆژهەڵاتی سوریای لەژێر دەستی ڕێکخراوی داعشدا دەرکردووە.

هەجین دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی داعش بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لەنزیک سنووری عێراق. هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕابەرایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد چەند مانگێکە لە هەوڵی دەرکردنی چەکدارانی ڕێکخراوی داعشن لە ناوچەکەدا.

سەرچاوەیەک لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردەوە بڵاویکردەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئێستا هەجینی کۆنتڕۆڵکردووە و لە ماوەی یەک دوو ڕۆژدا ئەو شوێنە بچووکانەی کە ماون لەژێر دەستی داعشدا کۆنتڕۆڵیان دەکاتەوە.

سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم کۆبانی وتی هێشتا بەلایەنی کەمەوە 5000 چەکداری ڕێکخراوی داعش لە ناوچەی هەجین و دەوروبەری ماون و بڕیاریانداوە تا کۆتایی شەڕ بکەن.

لەم 5000 چەکدارە نزیکەی دوو هەزاریان چەکداری بیانین، زۆربەیان عەرەب و ئەوروپین لەگەڵ خێزانەکانیاندا.

مەزڵوم کۆبانی وتی ئەگەری هەیە ڕابەری ڕێکخراوی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بێت بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات ناتوانن لەوە دڵنیاببنەوە چونکە ئەو زۆر کات ون دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG