Accessibility links

زانایان کوتانێک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرەپێدەدەن


توێژەرانی چینی ئاماژەیان بەوەدا کوتانێکیان پەرەپێداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە لە مانگی دوانزەوە تا ئێستا سەدان کەس توشی بوون و تاوەکو ئێستا 132 کەسی کوشتووە.

لەسەر ئاستی جیهانیش، ڤایرۆسەکە لە بڵاوبوونەوەدایە، ڕۆژی چوارشەممە هەریەک لە تورکیا و ئیماڕات یەکەمین حاڵەتی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند.

لەدوای ساڵی 2003 ەوە کاتێک ڤایرۆسی کوشندەی سارس بڵاوبۆوە، تا ئێستا ئەمە مەترسیدارترین ڤایرۆسە ڕووبەڕووی جیهان بۆتەوە.

زانایانی چینی دەڵێن هێشتا کوتانە نوێیەکە تاقی نەکراوەتەوە و لەبەر ئەوەش هێشتا ناتوانێت " یارمەتی " توشبووان بدات.

بەڕێوبەری بەشی نەخۆشیە گوێزراوەکان لە زانکۆی هۆنگ کۆنگ یوین کوک بە ڕۆژنامەی ساوث چاینا مۆنینگ پۆستی وت " کوتانێکمان دروست کردووە، بەڵام کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو بتوانین تاقی بکەینەوە."

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی چین ئاماژەیان بەوەدا زیاتر لە 6 تاقیگە لە دەرەوەی چین پێشبڕکێ دەکەن بۆ دروستکردنی جۆرە کوتانێک کە بتوانێت ڤایرۆسە کوشندەکان لەناوببات، زۆربەی ئەو تاقیگەیانە لە ئەمەریکان.

بەلایەنی کەمەوە چوار تاقیگە لە ئەمەریکا لە هەوڵی ئەوەدان پەرە بە کوتانێک بدەن کە بتوانێت ڤایرۆسە کوشندەکان لەناوببات، لەوانەش پەیمانگای تەندروستی نیشتیمانی لە ماریلاند کە ماوەی چەند هەفتەیەکە کار لەسەر بابەتەکە دەکات، هەروەها تاقیگە تایبەتەکانی دیکە لە هەوڵی ئەوەدان پەرە بە کوتانە نوێیەکە بدەن، لەوانەش کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن و مۆدرنا ثیرابایۆتێکس و کۆمپانیای ئینۆڤیۆ بۆ دەرمان.

لەگەڵ دروستبوونی هەر نەخۆشییەکی نوێدا، زانایان دەبێت لە خاڵی سفرەوە دەست پێبکەنەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2003 دا نەخۆشی سارس دەرکەوت، زانایان نزیکەی 20 مانگیان پێچوو تاوەکو کوتانێکیان پەرەپێدا کە بتوانرێت لەسەر مرۆڤ تاقی بکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG