Accessibility links

کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆن دەڵێت تا ساڵی ٢٠٤٠ مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ نیشتەجێ دەکات


کۆمپانیای تۆیۆتا ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئاژانسی فەرمی ئاواڵایی ژاپۆن کاردەکات بۆ ناردنی ئامێرێک بۆ سەر مانگ بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ دروستکردنی ژیانی مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ تا ساڵی ٢٠٤٠ و لەوێشەوە بۆ سەر ڕووی مەریخ.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە ئامێرەکە توانای هاتووچوکردنی دەبێت و باڵی ڕۆبۆتی دەبێت، وە بەشێوەیەک بنیاد دەندرێت کە مرۆڤ بتوانێت لە ناویدا پێویستیە سەرەکیەکانی ژیان وەکو خواردن و خەوتن و پشوو دابین بکات.

تاکاوۆ ساکۆ، بەرپرسی پرۆژەکەی تۆیۆتا، بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپڕێس ڕایگەیاند، "ئێمە واڵایی وەکو هەلێک دەبینین بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری سەدە. بە چوون بۆ واڵایی، دەتوانین ئامرازەکانی پەیوەندی و تەکنەلۆجیاکانی تر بەشێوەیەک پەرەپێبدەین کە سودبەخش بن بۆ ژیانی مرۆڤ."

ڕۆڵی ڕۆبۆت لە هەوڵەکەدا

کۆمپانیای گیتای ژاپۆنی لەڕێگەی ڕێکەوتننامەیەک لەگەڵ تۆیۆتا ئەرکی دروستکردنی دەستێکی ڕۆبۆتی پێسپێردراوە. بەگوێرەی شۆ ناکانۆسی، بەڕێوبەر لە کۆمانیای گیتای، دەستە ڕۆبۆتیەکە توانای هەیە ئەرکەکانی پشکنین و چاککردنەوە و ڕاماڵین و هەڵگرتن و ئەرکەکانی تر ئەنجام بدات بۆ پاڵپشتی ئامێرەکە.

شۆ ناکانۆسی ڕایگەیاند کە هەوڵە زانستیەکان لەم سەدەیە بەشێوەیەکی گشتی توانیویانە بەسەر کێشەکانی چونە واڵایی ئاسمان زاڵ ببن بەڵام کارکردن لە واڵایی لەسەر ڕووی مانگ و هەسارەکان ئاڵۆزی و مەترسی زۆری تێدایە. ئەو ڕایگەیاند کە پێشخستنی ڕۆبۆت دەتوانێت ئەو کێشانە بۆ مرۆڤ چارەسەربکات.

لەم ساڵانەی دواییدا لە ژاپۆن سەرنجێکی زیاتر خراوەتە سەر مانگ و هەوڵەکان بۆ چونە واڵایی. کۆمپانیایەکی یابانی بە ناوی ispace Inc. تایبەت بە واڵایی بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ ئامێرێک بنێرێت بۆ نیشتنەوە لەسەر ڕووی مانگ.

ساڵی داهاتوو، کەسایەتی دەوڵەمەندی ژاپۆنی یوساکو مایزاوە بڕیارە لە گەشتێکدا بەناوی "مانگی ئازیز" لەگەڵ چەند کەسێکی تر گەشت بکات بە چواردەوری مانگ لە ڕێگەی کەشتیەکەی تێسلا بەناوی ستارشیپ.

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG