دەزگایەکی ڕاگەیاندنی حوسییەکان بڵاویکردەوە شاندەکانی سعودیە و عومان لە سەنعای پایتەختی یەمەن لەگەڵ بەرپرسانی حوسییەکاندا کۆبوونەتەوە، لە کاتێکدا کە ڕیاز هەوڵی ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەدات لە جەنگەکەی ناو یەمەندا کە سعودیە و هاوپەیمانێتییەکەشی بەشدارن تیایدا.
سەردانەکە نیشانەیەکە لەسەر پێشکەوتنێک لە ڕاوێژییەکانی نێوان ڕیاز و سەنعادا کە لەگەڵ هەوڵەکانی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا دەگونجێت. دەستپێشخەری ئاشتی لە یەمەن بەرەو پێشتر چووە دوای ئەوەی سعودیە و ئێران ڕێککەوتن لەسەر دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکان.
عومان کە سنووری لەگەڵ یەمەندا هەیە، چەندین ساڵە هەوڵ دەدات ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە ڕکابەرەکانی یەمەن چارەسەر بکات، هاوکات هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە و ئەمەریکاش باشتر بکات.
دەزگای هەواڵی سابای سەر بە حوسییەکان بڵاویکردەوە شاندەکان ڕۆژی شەممە گەیشتوونەتە سەنعا و لە کۆشکی سەرۆکایەتی سەنعا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی حوسییەکان مەهدی ئەل مەشات کۆبوونەتەوە.
سابا وتی ئەل مەشات جەختی لە هەڵوێستی حوسییەکان کردۆتەوە لەسەر ئەوەی هەوڵی " ئاشتییەکی سەربەرزانە " دەدات و گەلی یەمەن خوازیاری " ئازادی و سەربەخۆیین ".
وتیشی هەردوولا گفتوگۆ دەکەن لەسەر کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکان و لابردنی گەمارۆکەی هاوپەیمانێتییەکەی سعودیە بۆ سەر بەندەرەکانی یەمەن.
چەند سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزییان وت گفتوگۆکانی نێوان سعودیە و حوسییەکان سەنگییان خستۆتە سەر دووبارە کردنەوەی تەواوەتی بەندەرەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان و فڕۆکەخانەی سەنعا و خەرجکردنی موچەی خزمەتکارانی گشتی و دووبارە بونیادنانەوەی هەوڵەکان و دیاریکردنی کاتێک بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەدا.
جەنگەکەی ناو یەمەن شەڕێکی نێوان سعودیە و ئێران بوو لە ڕێی بریکارەکانیانەوە، حوسییەکان کە هاوپەیمانی ئێرانن لە کۆتایی ساڵی 2014 دا حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەنییان لە سەنعا دوورخستەوە کە سعودیە پشتیوانی لێدەکات، باکووری یەمەنییان لە ژێر دەستدایە، دەڵێن دژی سیستمێکی گەندەڵی و دوژمنکاری بیانی وەستاونەتەوە.
حوسییەکان لە ساڵی 2015 ەوە دژی هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەجەنگن، جەنگەکەش بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس، لە سەدا 80 ی دانیشتوانەکەشی پشت بە یارمەتییە مرۆییەکان دەبەستن.
بەرپرسێکی حوسییەکان وتی گروپەکە 13 دەستبەسەرکراوییان وەرگرتۆتەوە کە لەلایەن سعودیەوە دەستبەسەکرابوون، لەبەرامبەر ئەوەدا مانگی ڕابردوو حوسییەکان دەستبەسەرکراوێکی سعودییان ئازاد کرد.
بەرپرسێکی حوسییەکان، قادر ئەل مورتاد، وتی لە گفتوگۆکانی مانگی ڕابردوودا کە لە سویسرا بەڕێوەچوون و نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سووریش ئامادەی بوون، حکومەتی یەمەن و حوسییەکان ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی 887 دەستبەسەرکراو. 13 ئازادکراوەکە بەشێکن لەو ڕێککەوتنە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز