Accessibility links

سعودیە پێشوازی لە پڕۆژە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ سەرکۆنەکردنی ئێران


وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر
وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر

سعودیە پێشوازیی لە پڕۆژە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لەلایەن بەڕیتانیا و ئەمەریکا و فەڕەنساوە پێشنیارکراوە بۆ سەرکۆنەکردنی تاران تاوەکو ڕێگەی لێبگرن نەتوانێت موشەکە باڵیستیکیەکانی بگەنە دەستی حوسییەکانی یەمەن.

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئەو ڕێوشوێنانە یارمەتیدەر دەبن بۆ لێپێچینەوە لە ئێران و ڕێگەی لێدەگرێت موشەکە باڵیستیکیەکانی هەناردەی حوسییەکانی ناو یەمەن بکات و هەروەها یارمەتیدەریش دەبێت بۆ لێپێچینەوە لە کارە توندوتیژەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و پشتیوانیکردنی لە گروپە تیرۆریستیەکان.

جەنگی یەمەن بە وەکالەت لە نێوان ئێران و سعودیەدایە و ئێران پشتیوانی لە حوسیەکان دەکات و ئەمەریکاش پشتیوانی لە سعودیە دەکات. هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە ساڵی 2015 دا دەستی وەردایە جەنگی یەمەنەوە و پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن کرد لە دژی حوسییەکان. ئێرانیش ڕەتی دەکاتەوە چەکی دابێت بە حوسییەکان.

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر لەمیانەی کۆنگرەکەی میونخدا وتی " لەپێناو گرەنتی ئەوەی ئێران پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە دەبێت هەڵوێستێکی توندترمان هەبێت سەبارەت بە موشەکە باڵیستیکیەکان و سەبارەت بەوەی ئێران پشتیوانی لە تیرۆر دەکات، دەبێت لێپێچینەوە لە ئێران بکرێت."

وتیشی حوسییەکان بە ڕێکخراویی موشەکی ئێرانی بەکار دەهێنن دژی هاوڵاتیانی مەدەنی یەمەن و هاوڵاتیانی ناو سعودیە.

واچاوەڕواندەکرێت پڕۆژە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە وابڕیارە لە 26 ی مانگی دوودا بڕیاری لەسەر بدرێت لەلایەن ڕوسیاوە بەرهەڵستی لێبکرێت. پەسەندکردنی هەر بڕیارێک پێویستی بە پشتیوانی دە دەنگ هەیە و هەروەها پێویستی بەوەشە هەریەک لە وڵاتانی ڕوسیا و چین و ئەمەریکا وفەڕەنسا و بەڕیتانیا مافی ڤیتۆ بەکارنەهێنن دژی بڕیارەکە.

جوبەیر وتی هیوادارە ڕوسیا پشتیوانی لە پڕۆژە بڕیارەکە بکات.

پڕۆژە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەیە کە سزاکانی سەر یەمەن بۆ یەک ساڵی دیکە درێژ بکاتەوە تاوەکو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە 15 ئەندام پێکهاتوون بتوانن سزا بسەپێنن بەسەر هەر چالاکییەکی پەیوەست بە بەکارهێنانی موشەکی باڵیستیکیەوە لە یەمەن. سیاسەتمەداران وتیان بەڕیتانیا بە ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەمەریکا و فەڕەنسادا پڕۆژە بڕیارەکەیان داڕشتووە و پێشنیاریان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG