Accessibility links

سعودیە فەرمان دەکات بە لە سێدارەدانی پێنج کەس لە دۆسیەی خاشقچیدا


سعودیە فەرمانی دەرکرد بە لە سێدارەدانی پێنج کەس و زیندانیکردنی سێ کەسی دیکە لە دۆسیەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیدا و وتی کوشتنەکە پێشتر پلانی بۆ دانەنراوە، ئەم فەرمانەش لەلایەن لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕەخنەی لێگیرا و بە " گاڵتەپێکردن " بە دادپەروەری ناودێریان کرد.

بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی فەرمانەکە " هەنگاوێکی گرنگە " بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەرپرسن لە تاوانەکە. وتیشی ئەمەریکا هانی سعودیە دەدات بەردەوام دەبێت لە پڕۆسەی دادگاییکردنێکی ڕاستگۆیانە و شەفاف.

بریکاری دادوەری گشتی سعودیە و وتەبێژی دادوەری گشتی شەلعان شەلعان وتی دادگا فەرمانی کردووە بە سزادانی ئەو سێ کەسەی کە ماون لەنێو ئەو 11 کەسەدا کە دادگایی کراون و نەتوانراوە بیسەلمێنن ئەوانیش بەشداربوون لە تاوانەکە. تا ئێستا ناوی هیچ تۆمەتبارێکیشیان بڵاونەکردۆتەوە.

شەلعان وتی " لێکۆڵینەوەکانی دادوەری گشتی دەریخستووە کە ئەم تاوانە پێشتر هیچ نیازێکی کوشتن لە پشتیەوە نەبووە و کوشتنەکە لەو ساتەدا بووە و لەناکاوبووە." ئەمەش لەگەڵ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەک ناگرێتەوە.

خاشقچی دانیشتووی ئەمەریکا بوو و ڕەخنەی لە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەگرت. دوایین جار خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ بیندرا لە 2 ی مانگی 10ی ساڵی 2018 دا، هۆکاری چوونەکەشی بۆ کونسوڵخانەکە ئەوەبوو مامەڵەی هاوسەرگیرییەکەی تەواو بکات. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە پارچە پارچە کردنی لاشەی خاشقچی و دەرهێنانی لە بیناکە دەدەن.

11 تۆمەتبار لەو دۆسییەیەدا دران بە دادگای سعودیە و بە نهێنی لە ڕیاز دادگایی کران.

کوشتنی خاشقچی توڕەبوونێکی زۆری لێکەوتەوە لەسەر ئاستی جیهانی و وێنەی شازادەی جێنشینی سعودیەی شێواند. دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا وتیان پێیان وایە شازادە محەمەد بن سەلمان فەرمانی کوشتنی خاشقچی دەرکردووە. بەڵام بەرپرسانی سعودیە دەڵێن محەمەد بن سەلمان هیچ ڕۆڵێکی لەو کوشتنەدا نەبووە.

ئانیس کالاماری لێکۆڵەری نەتەوە یەکگرتووەکان وتی فەرمانەکان " گاڵتەپێکردنە بە دادپەروەری."

کالامار لە تویتەر دەڵێت " بکوژە بەکرێگیراوەکان تۆمەتبار کران و فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو. پلانگێڕەکان نەک تەنها بۆی دەرچوون بەڵکو نە لێکۆڵینەوەکان و نە دادگاش دەستیان بۆ نابات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG