وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود دەڵێت سعودیە هەوڵیداوە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێراندا وەکو باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
وتیشی بڕیاری سعودیە و وڵاتانی کەنداو بۆ سەنگ خستنەسەر ئابوورییەکانیان و گەشەسەندنەکانیان " ئاماژەیەکی بەهێز بوون بۆ ئێران و ئەوانی دیکەش لە ناوچەکەدا لەسەر ئەوەی ڕێگەیەک هەیە بەرەو خۆشگوزەرانی هاوبەش کە لەسەروو مشتومڕ و ناکۆکییەکانەوەیە."
لە ساڵی 2016 دا تاران و ڕیاز پەیوەندییەکانی نێوانیان بڕی، بەڵام بەرپرسانی دوو وڵاتەکە پێنج جار ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان کردووە، کە ساڵی ڕابردوو عێراق میوانداری ئەو گفتوگۆیانەی کرد، دوایین خولی گفتوگۆکان لە مانگی چواردا بوو، هیچ ئەنجامێکی سیاسیشیان لێنەکەوتۆتەوە.
وڵاتانی عەرەبی کەنداو نیگەرانن سەبارەت بە بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی ئێران و بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بەڵام دەیانەوێت گرژییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن لە کاتێکدا سەنگییان خستۆتە سەر ئابوورییەکانیان.
وەزیری دەرەوەی سعودیە لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابووری جیهاندا لە داڤۆس، وتی پێویستییەک هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەگەر نا ئەوا نادیارییەکان لە جیهاندا بەردەوام دەبن.
وتی " ئەمە پرسێکی ئاڵۆزە، بەڵام دەبێت قسەی لەسەر بکەین و ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکە."
شازادە فەیسەڵ ئاماژەشی بەوەدا سەرنجدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێویستە، ئاماژەی بە سوریا و نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە " سیاسەتە وروژێنەرەکانی " حکومەتە نوێیەکەی ئیسڕائیل کە بنیامین نەتانیاهو ڕابەرایەتی دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز