Accessibility links

جێگری وەزیری بەرگری سعودیە: حوثییەکان داواکانمان بۆ چارەسەرێکی سیاسیی لە یەمەن پشتگوێ دەخەن


جێگری وەزیری بەرگری سعودیە ئەمیر خالید بن سەلمان لۆمەی حوثییەکانی یەمەنی کرد لەسەر وەستانی پلانی تایبەتی ئاشتی لە بەندەری سەرەکی حودەیدە، وتیشی حوثییەکانی سەر بە ئێران داواکانی سعودیەیان پشتگوێ خستووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ململانێکانی یەمەن.

سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتیەک دەکات کە لە ساڵی 2015 دا هاتنە جەنگی یەمەنەوە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسور هادی بۆ سەر دەسەڵات، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2014 دا حوثییەکان دەستیان گرت بەسەر سەنعای پایتەختدا.

ئەمیر خالید لە کۆنگرەیەکی ئاسایشدا لە مۆسکۆ وتی " حوثییەکان داواکانی ئێمە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ئەم قەیرانە پشتگوێ دەخەن." ئەمەش یەکەمین لێدوانی خالیدە سەبارەت بە یەمەن دوای ئەوەی بووە جێگری وەزیری بەرگری سعودیە.

جێی ئاماژەیە لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا لایەنەکانی جەنگی یەمەن لە دانوستانەکانی ئاشتیدا لە سوید بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتنە ڕێکەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ و کشاندنەوەی هێزەکانی هەردوولا لە شاری حودەیدە.

حوثییەکان دەڵێن ئامادەن ڕێکەوتنەکەی حودەیدە جێبەجێ بکەن بەڵام لایەنەکەی دیکە بەربەست دەخاتە بەردەم ڕێکەوتنەکە.

ئەمیر خالیدی کوڕی پاشا سەلمان و برا بچووکی شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان وتی ئێران هەوڵدەدات دەست بگرێت بەسەر دەوڵەتی یەمەندا، ئەمەش لەڕێی پشتیوانیکردنی حوثییەکانەوە کە حودەیدە و زۆرێک لە ناوچە گرنگەکانی یەمەنیان لەژێر دەستدایە.

لەلای خۆشیانەوە حوثییەکان ڕەتی دەکەنەوە بوکەڵەی دەستی ئێران بن و دەڵێن شۆڕشەکەیان گەندەڵی دەکاتە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG