Accessibility links

سعودیە بەرپەرچی موشەکێکی دیکەی حوسیەکان دەداتەوە


هاوپەیمانێتی سەربازیی لە یەمەن بە ڕابەرایەتی سعودیە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هێزی بەرگری ئاسمانی سعودیە بەرپەرچی موشەکێکی باڵیستیکی داوەتەوە کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هاوێژراوە بە ئاڕاستەی شاری جازانی سعودیە لە باشووری وڵاتەکە.

وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە عەقید ڕکن تورکی مالکی لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی فەڕمی سعودیە بڵاویکردەوە دەڵێت پاشماوەکانی موشەکە تێکشکێنراوەکە کەوتۆتە خوارەوە بۆ سەر ناوچەیەکی دانیشتوان لە نەجران بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.

کەناڵی مەسیرەی سەر بە حوسیەکان هەڵدانی موشەکێکیان لە جۆری بەدر1 بە ئاڕاستەی جازان ڕاگەیاند.

لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردووەوە حوسییەکان هەڵدانی موشەکی باڵیستیکیان بە ئاڕاستەی سعودیە چڕتر کردۆتەوە.

سعودیە ئێران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە حوسییەکان بەڵام تاران ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

جێی ئاماژەیە هێزی بەرگری ئاسمانی سعودیە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بەرپەرچی موشەکێکی دیکەی باڵیستیکیان دایەوە بە ئاسمانی جازانەوە لە هێرشێکی هاوشێوەی ئەو هێرشەی ڕۆژی دووشەممەدا، مالکی وتی هیچ کام لەو دوو موشەکە نەبوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانی.

لە ساڵی 2015 ەوە سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی دەکات لە یەمەن و پشتیوانی لە هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکاندا.

لەو کاتەوە تا ئێستا جەنگی ناو یەمەن بۆتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار هاوڵاتی یەمەنی و برینداربوونی 50 هەزاری دیکە، لەکاتێکدا 2200 کەس بەهۆی پەتا و بڵاوبوونەوەی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت ئێستا یەمەن ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بۆتەوە لە جیهاندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG