Accessibility links

سعودیە داوای هەڵوێستێکی عەرەبی توند دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران


پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز

پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز لەمیانەی کۆبوونەوە بەپەلەکەی وڵاتانی کەنداودا داوای هەڵوێستێکی توندی کرد بۆ " ڕاگرتنی چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕژێمی ئێران " لە ناوچەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی سعودیە لەنزیک ئیمارات و دوو وێستگەی دەر‌هێنانی نەوت لە سعودیە.

بەیاننامەکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و ئەوەی دیکە کە بەجیا بڵاوکراوەتەوە جەختی لە مافی سعودیە و ئیماڕات کردۆتەوە بۆ بەرگریکردنی لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان دوای ئەو هێرشانە.

بەڵام وەکو بەڵگەیەک بۆ گرژییەکانی ناوچەکە، عێراق کە پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ هەریەک لە تاران و واشنتندا وتی دژایەتی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی وڵاتانی کەنداو دەکات.

عێراق سەبارەت بە بەیاننامەکە وتی " لەکاتێکدا عێراق دووبارەی دەکاتەوە کە دژایەتی هەر کارێک دەکات کە ئاسایشی سعودیە و ئاسایشی وڵاتانی برامان لە کەنداو بکاتە ئامانج، دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە کە ئێمە بەشدار نابین لەو بەیاننامە کۆتاییەدا و عێراق دژایەتی ئەو بەیاننامەیە دەکات بەم نوسراوەی ئێستایەوە."

پاشا سەلمان لەمیانەی دوو کۆبوونەوەی لەسەریەکدا وتی " پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و چالاکییە تێکدەرەکانی لە ناوچەکەدا کە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئێستا ڕوویدا و ئەو گرژییانەی کە ئەمڕۆ دەیانبینین."

وتیشی پەرەسەندنی توانا ناوەکیی و موشەکیە باڵیستیکیەکانی ئێران و مەترسییەکانی لەسەر دابینکردنی نەوی جیهان هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەکات.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی ئەو هێرشانەی کرانە سەر چوار کەشتیەکە هەوڵێکی ئێران بوو بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی جیهان.

پاشای سعودیە وتی " سعودیە سوورە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و خۆبەدوورگرتن لە جەنگ و دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئارامی."

سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح وتی ئەگەر بەباشی قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئێراندا بەڕێوەی نەبەین بەرەو جەنگ دەچێت، هەروەها هیوای خواست ئاسایشی ئێران نەکرێتە ئامانج و داوای لە کۆبوونەوەکەی وڵاتانی کەنداو کرد پشتیوانی لە سەقامگیری عێراق بکەن.

پەمپیۆ هۆشیاریدایە بەرپرسانی عێراق و وتی ئەگەر ئەوان نەتوانن کۆنتڕۆڵی چەکدارەکانی سەر بە ئێران بکەن کە ئێستا بوونەتە بەشێک لە دەزگاکانی ئاسایشی عێراق، ئەوا ئەمەریکا بە توندی وەڵام دەداتەوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە فەڵەستینیش کراوە و دەڵێت ئاشتی لە ناوچەکەدا پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ هەیە کە سەروەری خۆی هەبێت لەسەر سنووری 1967.

لە لێدوانێکیدا لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس وتی " ئامادەی کۆنگرە ئابوورییەکە نابین کە ئەمەریکا داوای کردووە لە مەنامەی بەحرەین."

سەرۆکی میسڕیش عەبدول فەتاح سیسی وتی ئەو هێرشانەی لەمدواییانەدا ڕوویاندا پێویستیی گفتوگۆکردنی لەسەر بەرگری هاوبەشی عەرەبی نوێکردەوە.

لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کە دەزگای هەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە هاتووە دەڵێت شەش وڵاتە ئەندامەکەی ئەنجومەنی کەنداو گفتوگۆیان لەسەر بەرگری هاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەنجومەنەکەدا کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG