Accessibility links

سعودیە هەوڵی هاریکاریی دەدات لەگەڵ چیندا و نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا ' پشتگوێ ' دەخات


وەزیری وزەی سعودیە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان
وەزیری وزەی سعودیە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان

وەزیری وزەی سعودیە دەڵێت وڵاتەکەی هاریکاری دەوێت لەگەڵ چیندا نەک کێبڕکێ، وتیشی گومانەکانی ڕۆژئاوای سەبارەت بە گەشەکردنی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ چیندا " پشتگوێ " خستووە.

پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان سعودیەی گەورەترین هەناردەکاری نەوت و چینی گەورەترین بەکارهێنەری وزە لە جیهاندا بەهۆی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتەکە لە ڕووی هایدرۆکاربۆنەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام هاریکارییەکانی نێوان ڕیاز و پەکین لە ڕووی ئاسایش و تەکنەلۆجیای هەستیاریشەوە قووڵتر بوونەتەوە، ئەوەش لە نێوەندی نزیکبوونەوەیانەوە لە ڕووی سیاسییەوە.

لە ماوەی کۆنفرانسی کاری عەرەب – چیندا، وەزیری وزەی سعودیە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕەخنەکان لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکەی نێوان سعودیە و چین، وتی " لە ڕاستیدا پشتگوێیان دەخەم، چونکە وەکو کەسێکی بازرگان، لە ئێستادا بەرەو ئەو شوێنە دەڕۆیت کە دەرفەتی تیادا دێتە بەردەمت."

وتیشی " پێویست ناکات ڕووبەڕووی هیچ بژاردەیەک ببینەوە کە بڵێت یان ئەوەتا لەگەڵ ئێمەدا دەبیت یان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا."

لە مانگی سێدا کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی سعودیە ئارامکۆ دوو گرێبەستی گەورەی ڕاگەیاند بۆ وەبەرهێنانێکی چەند ملیار دۆلاریی لە چین و پتەوکردنی پێگەکەی وەکو دابینکاری سەرەکی نەوتی خاو بۆ چین.

شازادە عەبدولعەزیز وتی " خواستەکان لەسەر نەوت لە چین هێشتا لە زیادبووندان و لەبەر ئەوە بێگومان ئێمە دەبێت هەندێک لەو خواستانە دابین بکەین."

وتیشی " لە جیاتی ئەوەی کێبڕکێ لەگەڵ چیندا بکەین، هاریکاری لەگەڵ چیندا دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG